Accessibility links

مزگەوتێـک لە قەراغ شاری ستۆکهۆڵمی سوید ئاگردەگرێت


پـۆلیسی سوید دەڵێت لێکۆڵینەوەیەکیان دەسـتپـێکردووە تاوەکو بزانن ئایا ئەو مزگەوتەی شەوی یەکشەممە لە قەراغ شاری ستۆکهۆڵمی پایتەخت ئاگری گرت ڕووداوێکی ئاسایی بووە یان نا.

لارس بیستروم گوتەبێژی پـۆلیسی ستۆکهۆڵم ئەمڕۆ دووشەممە گوتی پـێدەچێت مزگەوتی ئیمام عەلی شیعەکان لە ناوچەی جارفالا لە دەرەوە ئاگری گرتبێت، بۆیە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن هەتا بزانرێت ئایا بە مەبەست ئاگری تێبەردراوە یان نا.

بەڵام تۆبیاس ئکسۆن بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی ستۆکهۆڵم بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەرمی سویدی گوت لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە هیچ شتێکی گوماناوی بەدی نەکراوە.

سەرپەرشتیارانی مزگەوتەکە لەسەر فەیسبوکەکەیان ڕایانگەیاند هیچ زیانێـکی گەیانی نەکەوتووەتەوە.

عەقیل زاهری وەک گوتەبێژی مزگەوتەکە بە میدیاکانی سویدی گوت زیانێکی زۆر بەر مزگەوتەکە کەوتووە و ناتوانرێت نوێژی تیادابکرێت. گوتیشی نزیکەی 3 هەزار کتێب لە مزگەوتەکەدا هەن و ئەوانیش زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها گوتی هەست بە نیگەرانی دەکات چونکە مزگەوتەکە جگە لەوەی شوێنی کارەکەیەتی هەروەها ماڵەکەشیەتی.

XS
SM
MD
LG