Accessibility links

سەرۆک وەزیری سوید هەوڵی زیادکردنی خەرجی سەربازیی وڵاتەکە دەدات


سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن وتی پێویستە خەرجی سەربازیی وڵاتەکە زیاد بکرێت، هەروەها هەوڵی ئەوەش دەدات بەزووترین کات لە سەدا 2 ی داهاتی ناوخۆی وڵاتەکە بۆ خەرجییە سەربازییەکان دابین بکات.

سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن لە ستۆکهۆڵم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی حکومەتەکەی پەیامێکی ڕوون ئاڕاستەی خەڵکی سوید و جیهان دەکات لەسەر ئەوەی " توانا بەرگرییەکانی وڵاتەکە دەبێت بەشێوەیەکی بەرچاو پتەوبکرێن."

وتیشی بە تێپەڕبوونی کات ڕەوشی ئاسایشی " سەر خاکی سوید " خراپ بووە و هێرشەکەی ڕووسیاش بۆ سەر ئۆکرانیا خراپتری دەکات.

هەر لە هەمان کۆنفرانسدا وەزیری دارایی سوید میکایل دامبێرگ وتی بودجەی ئێستا سوپای سوید نزیکەی 7.8 ملیار دۆلارە، کە دەکاتە لە سەدا 1.3 ی داهاتی ناوخۆی وڵاتەکە. ئاندەرسن کاتێکی دیاری نەکرد بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژەیە بۆ لە سەدا 2 بەڵام ئاماژەی بەوەدا دەیەوێت لە ماوەی 10 ساڵدا ئەوە ئەنجام بدرێت.

ئاندەرسن وتی زیادکردنی بودجەی بەرگری ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت گەنجەکان خۆیان ئامادە بکەن بۆ خزمەتی سەربازیی.

جێی ئاماژەیە هاوپەیمانێتی ناتۆ داوای لە ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە کردووە خەرجی بەرگرییان بگەیەننە لە سەدا 2. سەرەڕای ئەوەی سوید ئەندام نیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکەدا دروست کردووە و دانیمارکی دراوسێشی ئەندامە لە هاوپەیمانێتیەکەدا.

لەماوەی جەنگی سارددا، سوید زیاتر لە سەدا 4 ی داهاتی ناوخۆی تەرخان کرد بۆ بودجەی بەرگری وڵاتەکە، بەڵام لە ساڵەکانی 1990 و سەرەتای ساڵەکانی 2000 دا ئەو ڕێژەیەی کەمکردەوە بۆ نزیکەی لە سەدا 1. بەڵام دوابەدوای لەخۆگرتنی نیمچە دورگەی کرایمییە لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی 2014 دا، سوید خەرجی بەرگریی وڵاتەکەی زیادکرد.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپی ناچارکردووە خەرجی بەرگریی وڵاتەکانیان زیاد بکەن، لەوانەش دانیمارک و ئەڵمانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG