Accessibility links

دادگایەکی سوید پشتگیری لە سزای زیندانی تا هەتایی دەکات بۆ بەرپرسێکی پێشووی ئێران


دادگایەکی پێداچوونەوەی سوید ڕۆژی سێشەممە پشتگیری لە فەرمانێکی دادگا کرد بۆ سەپاندنی سزای تا هەتایی بەسەر بەرپرسێکی پێشووی تاوانباری ئێرانیدا کە ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە کوشتنی بە کۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکاندا لە ساڵی 1988 تاوانبار کرا.

لە ساڵی 2022 دا، دادگای ستۆکۆڵم بڕیاریدا حەمید نوری تاوانبارە بە کوشتن و تاوانی مەترسیداری دژ بە یاسای نێودەوڵەتی، ئەمەش لەلایەن ئێرانەوە ڕەخنەیەکی توندی لێگیرا، تاران دەڵێت ئەو بڕیارەی دادگا پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوە بووە.

بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە لەلایەن سەدان خۆپیشاندەرەوە پێشوازی لێکرا کە لە دەرەوەی دادگاکە کۆببوونەوە، ئاڵایان بەرز کردبووەوە و دروشمی " کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ئێرانییان " دەگوتەوە.

عەبدولڕەزا شافی ئەندام لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرهەڵستکارانی ئێران بە ڕۆیتەرزی وت " ڕۆژێکی مەزنە. ڕۆژێکی خۆشە و دادپەروەری سەرکەوت." ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرهەڵستکارانی ئێران گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حکومەتی ئێرانە.

تاوەکو ئێستا نوری یەکەم کەسە دادگایی بکرێت لەسەر کوشتنەکان لە زیندانی گۆهاردەشت لە کەرەجی ئێران لە ساڵی 1988 دا، کوشتنەکان ئەندامانی گروپی موجاهیدینی ئێرانییان کردە ئامانج کە لە چەند بەشێکی ئێراندا دژی حکومەت دەجەنگان، هاوکات سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەشییان تێدا بوو.

ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی دەڵێت لەو ساڵەدا نزیکەی 5000 کەس بە فەرمانی حکومەتی ئێران کوژراون. لە ساڵی 2018 دا ئامنستی لە ڕاپۆرتێکدا وتی " ژمارە ڕاستەقینەکە ڕەنگە زیاتر بێت." ئێران هەرگیز دانی بەو کوشتنانەدا نەناوە.

بەپێی یاسای سوید، دادگاکان دەتوانن هاووڵاتییانی سویدی و هاووڵاتیانی بیانیش لەسەر ئەو تاوانانە دادگایی بکەن کە دژ بە یاسای نێودەوڵەتین و لە دەرەوەی سوید ئەنجام دراون. نوری کە تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە، لە ساڵی 2019 دا لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم دەستگیرکرا.

دۆسییەکە گرژییەکی قووڵی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سویددا دروست کردووە. لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا دادگایەکی ئێران دادگاییکردنی کارمەندێکی سویدی یەکێتی ئەوروپای کردەوە کە لە ساڵی 2022 دا لە کاتێکدا کە لە پشوو بووە لە ئێران دەستگیر کراوە.

یۆهان فلۆدیروس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیل و " گەندەڵیکردن لەسەر زەوی " تۆمەتبار کراوە، ئەو تاوانەش دەکرێت ڕووبەڕووی سزای مەرگ ببێتەوە. سوید داوای کردووە دەستبەجێ فلۆدیروس ئازاد بکرێت و دەڵێت بەبێ هۆکار دەستگیرکراوە.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کۆماری ئیسلامی ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی سازش لە وڵاتانی دیکەوە، ئەوەش لە ڕێی دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی بیانی و تۆمەتبارکردنییان بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشەوە.

تاران دەڵێت ئەو جۆرە دەستگیرکردنانە لە یاسای تاوانەوە سەرچاوەیان گرتووە و ڕەتی دەکاتەوە خەڵکی بە مەبەستی سیاسیی دەستگیرکردبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG