سوید ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دەیەوێت مەرجی نوێ بخاتە ڕوو کە ڕێگە بە ڕەوانەکردنەوەی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانە بدات کە ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن، یاخود پەیوەندییان بە گروپەکانی تاوانەوە هەیە، یاخود ئەو ڕەفتار و گوفتارانەی کە هەڕەشە لە بەهاکانی سوید دەکەن.
حکومەتە باڵە ڕاستە کەمینەکەی سەرۆک وەزیرانی سوید ئوڵف کریستەرسن ساڵێک لەمەوبەر دەسەڵاتی گرتە دەست و لەلایەن دیموکراتە ڕاستڕەوەکانەوە پشتگیری لێکرا، ئەو حکومەتە بەڵێنیداوە کۆچ و تاوان سەرکوت بکات.
وەزیری کۆچی سوید ماریا مالمەر ستینەرگارد لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەگەڵ پارتی دیموکراتەکانی سویددا ڕێکخرا بوو وتی " مەرجێکی پێشوەختە بۆ یەکخستنەوەیەکی سەرکەوتوو ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە سویددا بژین، دەبێت پابەندی نۆرمە سەرەتاییەکان بن و بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و ڕەفتارێکی باشەوە بژین."
ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ هێشتا لێدوانییان لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە نەداوە.
وەزیری یەکسانی ڕەگەزیی، پاولینا براندبێرگ، بە ڕۆژنامەنووسانی وت حکومەت پێداچوونەوە بە یاسایەکی سویددا دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا بنەمایەکی دیاریکراو هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە سوید یاخود نا.
بەڵام نموونەی " کەموکوڕیەکانی شێوازی ژیانی " خستەڕوو، لەوانەش ساختەکاری لە یارمەتییەکان و قەرز و گوزەرانی ناپاک و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و هەروەها پەیوەستبوون بە تۆڕە تاوانکارییەکان یان گروپە توندوتیژ و توندڕەوەکان کە " بەها بنەڕەتییەکانی سوید دەخەنە مەترسییەوە. "
براندبێرگ وتی پێداچوونەوەکە هەروەها تاوتوێی ئەوەش دەکات کە ئایا دەکرێت و گونجاوە ئەو لێدوانانە بخرێتە یاساکەوە کە مەترسییەکی جددی لەسەر بەها بنەڕەتییە دیموکراسیەکانی سوید دروست دەکەن یاخود نا.
براندبێرگ وتی " ئەگەر شتێکی دیکە هەیە جگە لەم بەها دیموکراسییانە و ئاواتی بۆ دەخوازیت، یاخود تەنانەت چالاکانە کار دەکەیت دژی ئەوەی سوید لە پاڵیدا وەستاوە، ئەوا ئێرە ئەو شوێنە نیە کە دەتەوێت تێیدا بژیت."
وتەبێژی کۆچی پارتی دیموکراتەکانی سوید، لودڤیگ ئاسپلینگ وتی " بنچینەی سەرەتایی یاسای کۆچی سوید ئەوەیە کە تەنها هاووڵاتییانی سوید مافێکی بێ مەرجییان هەیە لە سوید دابنیشن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس