وەزارەتی بەرگری فینلەندا وتی فینلەندا و سوید پێکەوە چەکی بچووک و چەکی دژە تانکەکان دەکڕن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوو وڵاتەکەی باکووری ئەوروپا بە فەڕمی داوایان کرد بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە.
وەزارەتی بەرگری فینلەندا وتی دوو وڵاتەکە هاریکارییەکانی نێوانیان لە کەرتی بەرگریدا زیاتر دەکەن، ئەوەش لەڕێی ئەوەوە کە فینلەندا بەشداری ڕێکەوتنێک دەکات بۆ داواکردنی چەکی دژە تانک لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەکی سویدی ساب داینامیکەوە.
وەزارەتەکە وتی لە هەمان کاتیشدا وەزیری بەرگری فینلەندا ئانتی کایکنن مۆڵەتی داوە بۆ ئامادەکاری بۆ کڕینی چەکی بچووک بە هاوبەشی لەگەڵ سویددا.
ڕێکەوتنەکەی نێوان دوو وڵاتەکە بۆ چەکی دژە تانکەکان کڕینی موشەک و تەقەمەنی و کەلوپەلەکانی دیکەی پەیوەست بە دژە تانکەکانەوە لەخۆدەگرێت.
جێی ئاماژەیە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سوید و فینلەندای ناچار کرد بە فەڕمی داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز