Accessibility links

فینلەندا و سوید دەڵێن بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیادا


فینلەندا و سوید ڕایانگەیان بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەدا کە ئایا هیچ بەرەوپێشچوونێک هەبووە سەبارەت بە زاڵبوون بەسەر دژایەتییەکانی تورکیادا لەسەر ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا یاخود نا.

مانگی ڕابردوو دوو وڵاتەکەی باکووری ئەوروپا بە فەڕمی داوایان کرد ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. بەڵام ڕووبەڕووی ناڕەزایی تورکیا بوونەتەوە.

تورکیا دەڵێت سوید و فینلەندا داڵدەی کۆمەڵە کەسانێکیان داوە کە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان ' پەکەکە ' وە هەیە و دەیەوێت ئەو وڵاتە کۆتایی بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا بهێنن.

وەزیری دەرەوەی فینلەندا پێکا هاڤیستۆ لە هێلێنسکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێکەوە لەگەڵ سویددا ئەوەی لەسەر شانمان بێت دەیکەین و ئامادە دەبین بۆ ئەو پرسیارانەی تورکیا هەیەتی."

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن وتی داوا لە بەرپرسانی باڵای سوید و فینلەندا و تورکیا دەکات لە بڕۆکسل لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تاوتوێی بابەتەکە بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ستۆڵتنبێرگدا وتی " نیگەرانییە ئەمنییەکانی وڵاتانی ناتۆ دەبێت بەهەند وەربگیرێن "، بەڵام وتیشی بڕوای وایە پڕۆسەی هاتنی فینلەندا و سوید بۆ ناو ناتۆ بەرەوپێشەوە دەڕوات.


جێی ئاماژەیە دەبێت سەرجەم 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازی ببن لەسەر ئەوەی وڵاتێکی دیکە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن وتی پێشبینی ئەوە دەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی بونیادنەرانە لەگەڵ تورکیادا ئەنجام بدرێن.

ئاندەرسن وتی " وەڵامەکانمان بۆ داواکاریی و پرسیارەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیادا دەبێت و چارەسەری کێشەکان و بە هەڵە لەیەک تێگەیشتنەکان دەکەین ئەگەر هەبن."

وەزیری دەرەوەی فینلەندا وتی پێم وانیە پێویست بێت هیچ گۆڕانکارییەک بکەین لە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کە ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆوە داوای کردبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG