Accessibility links

خۆپیشاندانی دژ بە حکومەت لە شاری سلێمانی


خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستاندا درێژەیان هەیە و ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی سەرەڕای فشار و ڕێگری هێزە ئەمنییەکان، لە شاری سلێمانیدا هاوڵاتیان خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست و لەگەڵ ڕژاندنی گازی فرمێسکڕێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، گرژی و پشێوی لێکەوتەوە و چەند خۆپیشاندەرێک دەستگیرکران.

ئەمڕۆ بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان دژ بە حکومەتی هەرێم و دۆخی دارایی و نەبوونی مووچە ڕێکخست و هێزە ئەمنییەکان بە فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بە ئاسماندا و دەستگیرکردنی چەند خۆپیشاندەرێک بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەکان کرد.

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو گرووپێکی ناڕازی بانگەشەیان بۆ خۆپیشاندان کرد لە شاری سلێمانیدا، وەک بەردەوامییەک بەو خۆپیشاندانانەی لە چەند ڕۆژی پێشوودا لە ناوچە جیاجیاکانی سلێمانیدا بەڕێوەچوون، هێزە ئەمنییەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانیان دەستگیر کرد، لەنێویشیاندا، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان عەبدوڵای مەلا نووری و ڕێگەیان لە چەند پەرلەمانتارێک گرت کە بێنە ناو پارێزگای سلێمانییەوە، بەڵام هەموو ئەمانە خۆپیشاندەرانی نەوەستاند لەوەی خۆپیشاندانەکە ڕێکبخەن.

خۆپیشاندەرێک بۆ دەنگی ئەمەریکا دواو و وتی "داوامان کرد ناتوندوتیژی بێت، بەڵام کە هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان هاتن، ئیشەکە تێکچوو. ئەوان دەیانویست خۆپیشاندانەکان توندوتیژ بن. ئەوانەی بانگەشەی خۆپیشاندانیان کرد، زۆرێکیان گیراون."

شاری سلێمانی بە هێزی ئەمنیی و ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی تەنراوە و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی بڕیاریداوە ڕێ لە هەموو خۆپیشاندانکی بێ مۆڵەت بگرێت، دوای ئەوەی لە چەندین شوێندا خۆپیشاندانەکان پشێوەییان لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران هەستان بە سووتاندنی بارەگا حزبی و حکومییەکان لە پارێزگای سلێمانیدا.

خۆپیشاندەرێک لە بارەی داواکارییەکانیانەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت "ئەم حکومەتە ئەگەر چاکسازی دەکات، با بیکات، ئەگەر نایکات، با بڕوات."

لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی شاری سلێمانیدا چەند خۆپیشاندەرێک دەستگیرکران و هێزە ئەمنییەکانیش ڕێگرییان دەکرد لەوەی ڕۆژنامەنووسان ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:13 0:00


XS
SM
MD
LG