Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە لە بنکەیەکی پۆلیسی ئیندۆنیسیا ئەفسەرێک کوژراو و 7 کەسی دیکە بریندار بوون


بەرپرسانی ئیندۆنیسیا دەڵێن پیاوێک لە بنکەیەکی پۆلیسی دورگەی جاڤای وڵاتەکە خۆی تەقاندۆتەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێک کوژراوە و حەوت کەسی دیکە بریندار بوون. ئەمەش لە نوێترین هێرشی خۆکوژیدا کە دەخرێتە پاڵ چەکدارە ئیسلامییەکان.

سەرۆکی پۆلیسی شاری باندونگ ئاسوین سیپایونگ وتی خۆکوژەکە بە ماتۆڕ هاتۆتە ناو بنکەی پۆلیسی ئاستانا ئانیارەوە بە تەقینەوەکانیەوە خۆی تەقاندۆتەوە، لە کاتێکدا کە پۆلیسەکان بۆ کۆبوونەوەی بەیانییان ڕیز ببوون.

وتەبێژی پۆلیسی ڕۆژئاوای جاڤا ئیبراهیم تۆمپۆ وتی بەهۆی هێرشەکەوە ئەفسەرێک گیانی لە دەستداوە و شەش کەسی دیکە بریندار بوون و بەپەلە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هاوڵاتیەکی مەدەنیش بریندار بووە.

پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر ئەوەی ئایا هێرشبەرەکە پەیوەندی بە گروپێکی توندڕەوەوە هەبووە یاخود نا.

سەرۆکی پۆلیسی ڕۆژئاوای جاڤا وتی پیاوەکە دوو بۆمبی پێبووە بەڵام یەکێکیان نەتەقیوەتەوە و پوچەڵ کراوەتەوە.

لە ساڵی 2002 ەوە کاتێکدا چەند تەقینەوەیەک لە دورگەی بالیدا ڕوویدا و بەهۆیانەوە 202 کەس کوژران کە زۆربەیان گەشتیاری بیانی بوون، ئیندۆنیسیا دژی چەکدارە میلیشیاکان دەجەنگێت. هێرشەکانی دژ بە بیانییەکان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە بۆ هێرشی بچووکتر و کەمتر کوشندەتر دژی حکومەت و پۆلیس و هێزەکانی دژە تیرۆر و ئەو کەسانەشی کە میلیشیاکان پێیان وایە کافرن.

لە ساڵی 2019 دا تەقینەوەیەکی هاوشێوە لە بنکەیەکی پۆلیسی قەرەباڵغدا لە میدانی سێیەم گەورەترین شاری ئیندۆنیسیا ڕوویدا، خۆۆکوژەکە بە هەمان شێوە لە بنکەکەی پۆلیسدا خۆی تەقاندەوە و لانیکەم 6 کەس بریندار بوون.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2018 دا دوو خێزان چەند کردەوەیەکی خۆکوژییان لە کڵێساکانی شاری سورابیادا ئەنجامدا کە بەهۆیانەوە دەیان کەس کوژران کە لە نێویاندا دوو کچی گەنج هەبوون، باوک و دایکی دوو کچەکە ناچارییان کردوون بەشداری لە یەکێک لە کردەوە خۆکوژییەکاندا بکەن. پۆلیس وتی باوکی دوو کچەکە ڕابەری گروپێکی تیرۆریستی ناوخۆی ئیندۆنیسیا بووە کە ناسراون بە گروپی جیما ئانشۆروت دانولا.

ساڵی ڕابردوو دوو هێرشبەر کە باوەڕ وایە ئەندامی گروپێکی چەکداری بووبێتن و سەر بە ڕێکخراوی داعش بوون، لە دەرەوەی کڵێسایەکی ڕۆمانی کاثۆلیکی قەرەباڵغ لە دورگەی سولاوێسی خۆیان تەقاندەوە، لەو هێرشەشدا لانیکەم 20 کەس بریندار بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG