Accessibility links

لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە کابوڵ 25 کەس کوژران


لە ئەنجامی دوو کردەوەی خۆکوژیدا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بەلایەنی کەمەوە 25 کەس کوژران و لەنێویاندا هەشت ڕۆژنامەنووسیان تێدایە و نزیکەی 50 کەسی دیکە برینداربوون.

ڕێکخراوی داعش لەڕێی دەزگای هەواڵی ئەعماقەوە بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند.

چاودێرانی میدیای ناوخۆ، لیژنەی پارێزراوی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و کوژرانی هەشت ڕۆژنامەنووسەکەیان پشتڕاستکردەوە.

دوو ڕۆژنامەنووسی ئافرەت بە مریەم تۆخی ڕادیۆی فریی یوروپیشەوە لەنێو کوژراوەکاندا بوون. دەزگای هەواڵی فەڕەنسی فرانس پرێسیش کوژرانی وێنەگرێکیان بە ناوی شاه مارایی لە کابوڵ پشتڕاستکردەوە.

کەناڵی سەرەکی ئەفغانی تی ڤی نیوزیش کوژرانی دوو کارمەندی خۆی لە ئەنجامی هێرشەکەوە ڕاگەیاند.

بەرپرسانی ئەفغانی و شایەتحاڵان دەڵێن هێرشەکە بەیانی زوو لە کاتی قەرەباڵغیدا ڕوویداوە کاتێک کەسێک بە ماتۆڕەوە لە نزیک ئۆفیسی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانیدا کە دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەیە خۆی تەقاندۆتەوە.

وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ حیشمەت ئیستانکزای وتی دوای چەند خولەکێک کاتێک تیمەکانی فریاکەوتن و کارمەندانی ڕاگەیاند لە شوێنەکە کۆبوونەوەتەوە، خۆکوژی دووەم کە وەکو ڕۆژنامەنووس خۆی دەرخستبوو خۆی تەقاندۆتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی کوشتووە.

فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان جەنەڕاڵ جۆن نیکڵسن وتی " بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەییە دەکەین لە کابوڵ لەلایەن دوو خۆکوژەوە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هێزەکانی ئەفغانستان و هاوڵاتیانی مەدەنی، بە ڕۆژنامەنووسانیشەوە."

چەند کاتژمێرێک دواتر بەرپرسانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند لە ئەنجامی تەقینەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراودا بەلایەنی کەمەوە یانزە کەس لە باشووری هەرێمی قەندەهار کوژراون و 16 کەسی دیکە برینداربوون، لەنێو کوژراوەکاندا پێنج سەربازی ڕۆمانیان تێدابووە. پۆلیسێکی شوێنی ڕووداوەکە بە دەنگی ئەمەریکای وت هێرشەکە کاروانی هێزە بیانییەکانی کردۆتە ئامانج. وتیشی ئەو کەسانەی کوژراویشن هەموویان خوێندکار بوون لە سیمینارێکی دینی بوون.

تەقینەوە بەهێزەکە نۆ هاوڵاتی مەدەنیشی کوشتووە کە هەندێکیان ئافرەت بوون.

هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی قەندەهاریان ڕانەگەیاندووە. بەڵام هەرێمەکانی باشووری ئەفغانستان زۆربەیان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندان و بەبەردەوامی هێرش دەکەنە سەر هێزە ناوخۆییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG