Accessibility links

خۆکوژێک لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە ئەفغانستان پێنج کەس دەکوژێت


بەرپرسانی ناوخۆی ئەفغانستان وتیان خۆکوژێک لە هەرێمی نەنکەرهار ئاهەنگێکی هاوسەرگیری کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە پێنج کەس کوژراون و 40 کەسی دیکە برینداربوون.

وتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمەکە عەتاڵا خۆجیانی وتی کوڕێک لە ناو ماڵی سەرکردەیەکی میلیشیاکانی سەر بە حکومەتدا لە گەڕەکی باچیرجام خۆی تەقاندۆتەوە.

وتیشی بەخێرایی بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە لەکاتێکدا دانیشتوانی ناوچەکە وتیان 10 کەس کوژراون.

جێی ئاماژەیە کۆمەڵێک میلیشیا هەن یارمەتی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان دەدەن تاوەکو خاکی زیاتر نەچێتە ژێر دەستی تاڵیبان و ڕێکخراوی داعشەوە، مانگی ڕابردوو چەکدارانی تاڵیبان 26 ئەندامی میلیشیاکانی سەر بە حکومەتیان لە باکووری ئەفغانستان کوشت.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەی ئاهەنگە هاوسەرگیرییەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا لە شاری جەلالئابادی هەرێمی نەنەنکەرهار چەکدارانی داعش زنجیرەیەک کردەوەی خۆکوژی و هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە حکومی و خوێندنگا و ڕێکخراوە مرۆییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG