Accessibility links

ئەنجومەنی لەشکر و ئۆپـۆزسیۆنی سیڤیلی لە سودان ڕێکەوتنێک واژودەکەن


ئەنجومەنی لەشکری دەسەڵاتداری سودان و هاوپەیمانێتی لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن ڕێکەوتنێکی سیاسیـیان واژوکرد بە ئامانجی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە قۆناغی گواستنەوەی وڵاتەکە بەرەو دیموکراسی.

ڕێکەوتنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە خەرتومی پایتەخت واژوکرا بە ئامادەبوونی دوو نێوبژیوانی ئەفریکایی، ئەمەش پاش شەوێک لە وتووێژ و دانوستاندنی چڕی نێوانیان.

جەنەڕاڵ محەمەد حەمدان دقلو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکر خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکەوتنەکە دەربڕی و گوتی دەرگا لە بەردەم سەردەمێکی نوێدا دەکاتەوە لە نێوان لەشکر و هاوپەیمانێتی ناسراو بە" قوى الحرية والتغيير".

ئیبراهیم ئەلئەمین سەرکردە لە هاوپەیمانێتی ئۆپـۆزسیۆن ئەویش گوتی ڕێکەتنەکە مژدەی ئەوە دەدات قۆناغێکی نوێ هاتووەتە کایەوە کە تیایدا خەڵکی سودان پـشت بە خۆی ببەستێت.

مەحمود دریر نێوبژیوانی ئەثیوپی لای خۆیەوە گوتی پـێویستە سودان بەسەر هەژاریدا زاڵببێت وە داوایکرد ناوی سودان لە نێو لیستی وڵاتانی پشتیوانیکار لە تێرۆرزم بهێنرێتە دەرێ.

لە ئێستادا هەردوولا کار لەسەر نووسینێکی دەستوری دەکەن کە چاوەڕوان‌دەکرێت ڕۆژی هەینی واژوبکرێت.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە ئەنجومەنێکی 11 ئەندامی پـێکدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە. 5 ئەندام لە لەشکر و 5 ئەندام سیڤیل کە لە لایەن هاوپەیمانێتی ئۆپـۆزسیۆن دەستنیشاندەکرێن و ئەندامێکی دیکەی سیڤیل کە هەردوولایان لەسەری ڕێکدەکەون.

ئەم ئەنجومەنە بۆ ماوەی 3 ساڵ و 3 مانگ حوکمڕانی دەکات. 21 مانگ لەلایەن لەشکرەوە سەرکردایەتی دەکرێت و 18 مانگەکەی دیکە لەلایەن خەڵکی سیڤیلەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

XS
SM
MD
LG