Accessibility links

مانگرتنی گشتی لە خەرتومی پایتەختی سودان بەردەوامە


بۆ سێـیەم ڕۆژە بازاڕ و فرۆشگەکانی خەرتومی پایتەختی سودان داخراون وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەنجومەنی لەشکری، ئەوەی لە پاش لادانی عومەر حەسەن ئەلبەشیر لە دەسەڵات حوکمڕانی وڵاتەکەی گرتووەتەدەست.

پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت بۆ ئەمڕۆ سێشەممە مانگرتنە گشتیـیەکە بەردەوامە و ناوەندی بازرگانی لە ناوجەرگەی پایتەخت هێشتا داخراوە و تەنیا پاسەکان لە هەندێک ناوچە هاتوچۆ دەکەن.

هاوکات هێزە نیمچە لەشکریـیەکانی سەر بە ئەنجومەنی لەشکری لە چەند ناوچەیەکی خەرتوم دەگەڕێن و دۆشکەیان لەسەر ئۆتۆمبیلەکانیان بەستووە.

هێڵی ئەنتەرنێت بۆ چەند کاتژمێرێک لە تەواوی سودان بڕا، بەڵام دواتر هاتەوە.

گروپی ناسراو بە "تجمع المهنيين السودانيين" کە لایەنێکی سەرەکی ناڕەزایـیە سیڤیلیـیەکانە، لەسەر فەیسبوکەکەی وێنەی بازاڕ و فرۆشگە داخراوەکانی بڵاوکردووەتەوە.

ڕووداوەکانی دوو هەفتەی ڕابردووی سودان کە بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس، ناڕەزایی ژمارەیەک وڵاتی لێکەوتەوە، لەوانە ئەمەریکا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ دووشەممە ئاشکرای کرد تیبۆر ناگی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ئەفریکا ڕۆژی چوارشەممە بەرەو ئەفریکا بەڕێدەکەوێت تاوەکو سەردانی سودان بکات و لەوێ لەگەڵ ڕێبەرانی ئەنجومەنی لەشکری و ڕێکخەرانی خۆپـیشاندانە سیڤیلیـیەکان کۆببێتەوە.

بڕیارە داوابکات هێرشی سەر خەڵکی ڕابگیرێت و هەروەها هانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بدات بۆ دەستپـێکردنەوەی وتووێژەکان. پاشان بەرەو ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەثیوپیا بەڕێدەکەوێت بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپـرسانی ئەثیوپی و ڕێبەرانی یەکێتی ئەفریکا لە بارەی ئەم قەیرانەی سودان.

XS
SM
MD
LG