ڕێکخەرانی خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکانی سودان ڕەتیانکردەوە دەستبکەنەوە بە دانوستاندن لەگەڵ ئەنجومەنی لەشکری وڵاتەکەیان، دەڵێن لەشکر لە بانگەشەکەی بۆ دەستپـێکردنەوەی وتووێژەکان ڕاستگۆ نیـیە.
محەمەد یوسف مستەفا گوتەبێژی گروپی ناسراو بە "تجمع المهنيين السودانيين" کە لایەنی سەرەکی نێو هاوپەیمانێتی هێزەکانی ئازادی و گۆڕانە، ئەوەی ڕێبەرایەتی ناڕەزایـیە سیڤیلیـیەکان دەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت ئەوان بە تەواوی داواکەی ئەمڕۆی عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکری ڕەتدەکەنەوە، گوتی" ئەم داوایە جدی نیـیە، چونکە بورهان و ئەوانەی لەگەڵیدان سودانیـیان کوشتووە و هێشتا هەر دەکوژن و ئۆتۆمبیلەکانیان بە جادەکاندا دەگەڕێن و تەقە لە هاوڵاتیان دەکەن."
گوتیشی لە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی بەردەوام دەبن لە ڕێگەی فشارخستنە سەر لەشکر تاوەکو دەسەڵات ڕادەستی خەڵکی سیڤیل بکات.
پـێشتر هەر ئەمڕۆ فەریقی یەکەم عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکری گوتی ئەنجومەنەکەیان ئامادەیە دەستبکاتەوە بە دانوستاندن لەگەڵ ڕێبەرانی خەڵکی سیڤیلی ناڕازی. گوتیشی لە پـێناو بەرژەوەندی وڵاتەکە ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دانوستاندن بکەن.
بەڵێنیشی دا سزا ئەو کەسانە بدرێن کە بەرپـرس بوون لە بڵاوەپـێکردنی مانگرتووانی بەردەم بارەگای لەشکر لە خەرتومی پایتەخت بە ڕێگەی توندوتێژی.
لە لایەکی دیکە کۆمیتەی ناوەندی پـزیشکانی سودان، لە ڕاگەیاندنێکیاندا لەسەر فەیسبوکەکەیان نووسیویانە ئەنجومەنی لەشکری بەردەوامە لە کوشتنی خەڵکی سیڤیل و هەتا ئێستا 60 کەس کوژراون و 326 کەسی دیکە برینداربوون.