لایەنێکی سەرەکی ناڕەزایـیە سیڤیلیـیەکان لە سودان داوای لە خەڵکی کردووە خۆیان بۆ مانگرتنێکی گشتی ئامادە دەکەن، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر شکستهێنانی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەنجومەنی لەشکری لە بارەی ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ خەڵکی سیڤیل.
گروپی ناسراو بە" تجمع المهنيين السودانيين" کە لایەنی سەرەکی نێو هاوپەیمانێتی هێزەکانی ئازادی و گۆڕاندا، ئەوەی ڕێبەرایەتی ناڕەزایـیە سیڤیلیـیەکان دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی پاش ئەوەی بە ڕێگایەکی داخراو گەیشتوون لە دانوستاندنەکان، داوا لە لایەنەکان دەکەن خۆیان ئامادەبکەن بۆ مانگرتنی گشتی سیڤیلی و سیاسی.
ئەنجومەنی لەشکری لای خۆیەوە شەوی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی دانوستاندنەکان سەبارەت بە پـێکهێنانی ئەنجومەنی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەردنی وڵاتەکە بە بنبەست گەیشتووە.
هەردوو لایان دەڵێن خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوانیان سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەیە لەگەڵ ڕێژەی نوێنەرانی سیڤیل و لەشکر تیایدا.
لەوەتای لە 11 ی مانگی چوار، عومەر حەسەن ئەلبەشیر سەرۆکی لەکارلابراو دەستگیرکراوە، ئەنجومەنێکی لەشکری دەسەڵاتی لە سودان گرتووەتە دەست، ئەمەش ناڕەزایی خەڵکی سیڤیلی لێکەوتووەتەوە و ڕۆژانە لەسەر جادە و شەقامەکانی پایتەخت خۆپـیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و لەگەڵ ئەوەشدا لە بەردەم وەزارەتی بەرگری مانیانگرتووە.