Accessibility links

خۆپـیشاندان لە دژی ئەنجومەنی لەشکری لە شاری ئوم دورمانی سودان بەڕێوەدەچێت


دەیان خۆپـیشاندەر لە جادەکانی شاری ئوم دورمانی نزیک خەرتومی پایتەختی سودان گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەنجومەنی لەشکری، ئەوەی حوکمڕانی وڵاتەکەیانی گرتووەتەدەست.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت خۆپـیشاندەران ئەمڕۆ سێشەممە لە هەردوو ناوچەی "العباسية" و "العرضة" ی شاری ئوم دورمان گردبوونەتەوە و تایەی ئۆتۆمبیلیان لەسەر شەقامەکان سووتاندووە و دوروشمی دژی ئەنجومەنی لەشکریـیان وتووەتەوە.

ئەم خۆپـیشاندانانە پاش ئەوە دێن کە شەوی دووشەممە لە مەیدانی مانگرتنی بەردەم بارەگای فەرماندەیەتی گشتی لەشکر لە ناوجەرگەی خەرتوم پـێکدادان ڕووی دا و لە ئاکامدا ئەفسەرێک و 5 خۆپـیشاندەر کوژران.

ئەحمەد ئەلڕەبیع گوتەبێژی گروپی ناسراو بە" تجمع المهنيين السودانيين" گوتویەتی لە پـێکدادانەکاندا زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون. ئەنجومەنی لەشکریش گوتویەتی جگە لەو ئەفسەرەی کوژراوە 3 سەربازی دیکە برینداربوون.

پـێکدادانەکە دوای چەند کاتژمێرێک بوون لەوەی ئەنجومەنی لەشکری و هاوپەیمانی ئازادی و گۆڕان، ئەوەی ڕێبەرایەتی چالاکوانە سیڤیلییەکان دەکات، بە ڕێکەوتنێک گەیشتن بۆ چۆنیەتی ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ خەڵکی سیڤیل.

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت خۆپـیشاندەران و ئەنجومەنی لەشکری پەنجەی تاوان بۆ لایەنگرانی عومەر حەسەن ئەلبەشیر سەرۆکی لەکارلابراو درێژدەکەن، دەڵێن بەشیر لە ماوەی 30 ساڵی حوکمڕانیـیەکەی چەند گروپـێکی نیمچە لەشکری دروستکردووە لە دەرەوەی لەشکر و هێزەکانی پـۆلیس، بۆیە هەوڵ دەدەن دۆخەکە تێکبدەن.

XS
SM
MD
LG