Accessibility links

سودانیـیەکان خۆپـیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ داوای ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ خەڵکی سیڤیل


ژمارەیەکی زۆری سودانیـیەکان ئەمڕۆ پـێنجشەممە بەشداری لە خۆپـیشاندانێکدا دەکەن بە مەبەستی فشارخستنە سەر لەشکری وڵاتەکەیان تاوەکو دەسەڵات ڕادەستی خەڵکی سیڤیل بکات.

هەردوو لایەن ڕێکەوتوون ئەنجومەنێکی هاوبەش کە پـێکهاتبێت لە کەسانی لەشکری و سیڤیلی وڵاتەکە بەڕێوەببن، بەڵام لایەنی لەشکری دەخوازێت ئەنجومەنەکە لە 10 کەس پـێکبهێنرێت و 7 کەسیان لەشکری بن. خەڵکی سیڤیلی ناڕازیش دەیانەوێت ئەنجومەنەکە لە 15 کەس پـێکبهێنرێت و 8 کەسیان سیڤیل بن.

هاوپەیمانێتی "ئازادی و گۆڕان" کە خۆپـیشاندانەکان ڕێکدەخات، پـێی‌وایە لەشکر لە پاش سێ هەفتە لە لادانی عومەر ئەلبەشیر لە دەسەڵات، جدی نەبێت لە ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ خەڵکی سیڤیل، بۆیە داوای کردووە ئەمڕۆ خۆپـیشاندانێکی ملیۆن کەسی سازبکرێت بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر لەشکر.

محەمەد ناجی، سەرکردە لە هاوپەیمانێتیـیەکە دەڵێت ئەنجومەنی لەشکری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەسەڵاتەکانی زیادەکات، بۆیە لەسەر کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیە پشتیوانی لە خواستی گەڵی سودان بکات.

ئەنجومەنی لەشکری لای خۆیەوە ئاگاهی دا و گوتی ڕێگە نادات بێ‌سەروبەری وڵاتەکە بگرێتەوە و داوای لە خۆپـیشاندەران کرد ئەو بەربەستە کاتیـیانە لابەرن کە لە دەوروبەری مانگرتنی سەرەکیـیان لە بەردەم بارەگای فەرماندەیەتی لەشکر لە خەرتومی پایتەخت دایانناون.

سادق ئەلمەهدی ڕێبەری پارتی ئەلئومە، داوا لە سەرکردەی ناڕەزایـیەکان دەکات فشاری زۆر نەخنە سەر لەشکر و دەڵێت لەم نزیکانە وەک چۆن خۆپـیشاندەران دەیانەوێت دەسەڵات ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیـیەکی سیڤیلی دەکەن.

ڕۆژی دووشەممە لەسەرانسەری سودان 6 سەرباز کوژران لە میانەی پـێکدادانیان لەگەڵ خۆپـیشاندەراندا، ئەمەش جێی ناڕەزایـیەکی توندی ئەنجومەنی لەشکر بوو.

XS
SM
MD
LG