Accessibility links

لە خۆپیشاندانەکاندا دژی سوپای سودان 2 کەس کوژران


لیژنەیەکی پزیشکانی سودان دەڵێت لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی دژی دەسەڵاتی سوپا لە وڵاتەکەدا، هێزەکانی ئاسایش دوو کەسیان کوشتووە.

لیژنەی ناوەندی پزیشکانی سودان وتیان بەمەش ژمارەی کوژراوان لە خۆپیشاندانەکاندا لە دوای کودەتاکەی 25 ی مانگی 10 ەوە بەرزبۆوە بۆ 56 کەس. لیژنەکە وتی یەکێک لەو دوو کەسەی کوژراون پیاوێک بووە لە تەمەنی بیستەکانیدا و بەهۆی برینداربوونی سەرییەوە لە نەخۆشخانەیەک لە خەڕتوم گیانی لەدەستداوە، کەسەکەی دیکەش لە ئومدورمان فیشەک بەر سنگی کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

هێزەکانی ئاسایشی سودان تاوەکو ئێستا لێدوانیان لەسەر کوژراوەکان نەداوە.

ڕۆژی یەکشەممە 14 هەمین ڕۆژی خۆپیشاندانە گەورەکان بوو لە دوای کودەتاکەوە. هێزەکانی ئاسایشی گازی فرمێسک ڕژێنیان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی خەڕتومی پایتەخت، لەکاتێکدا خۆپیشاندەران بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی دەڕۆیشتن.

شایەتخاڵان دەڵێن پێش خۆپیشاندەکان وادەرکەوت هێڵەکانی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان لە شارەکەدا ڕاگیرابن، سەرجەم ئەو پردانەی کە ڕاستەوخۆ شار و شارۆچکەکانی دیکەیان بە خەڕتومەوە بەستۆتەوە داخرابوون.

لە کودەتایەکدا لە 15 ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوودا سوپای سودان دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەدەست، بەوەش کۆتایی بە دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان هێزە مەدەنییە سیاسییەکان و سوپادا هێنا. لە ساڵی 2019 دا سوپای سودان و هێزە مەدەنییە سیاسییەکان ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش دوای لەکارلابردنی عومەر بەشیری ڕابەری پێشووی وڵاتەکە.

تەنانەت دوای دەستبەکاربوونەوەی عەبدولا حەمدۆک وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە، خۆپیشاندانەکان لە وڵاتەکەدا بەردەوام بوون، خۆپیشاندەران داوا دەکەن سوپا هیچ ڕۆڵێکی لە حکومەتی کاتیدا نەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە لە خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری سوداندا 6 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG