Accessibility links

سەرۆک وەزیری سودان دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە


عەبدوڵا حەمدۆک
عەبدوڵا حەمدۆک

سەرۆک وەزیری سودان عەبدوڵا حەمدۆک دەستی لەکارەکەی کێشایەوە، بەمەش قەیرانە سیاسییەکانی وڵاتەکە قوڵتربوونەوە، حەمدۆک وتی شکستی هێناوە لە بەدەستخستنی گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە بۆ دیموکراسیەت.

لە وتارێکدا حەمدۆک وتی هەرچی لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات " کارەسات لە سودان ڕووبدات و ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەری لە وڵاتەکەدا بخاتەوە و کۆتایی بە خوێن ڕشتن بهێنێت." وتی کاتی ئەوەیە کەسێکی دیکە ڕابەرایەتی گواستنەوەی دەسەڵات بکات بۆ " حکومەتێکی دیموکراتی مەدەنی."

دەست لەکارکێشانەوەکەی حەمدۆک تەنها یەک مانگ دوای ئەوە دێت دووبارە وەکو سەرۆک وەزیری سودان دەستنیشانکرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی 10 دا لە کودەتایەکی سەربازیدا حکومەتەکەی لەکارلابرا. دواتر لەگەڵ سوپادا ڕێکەوت لەسەر ئەوەی سودان بەردەوام بێت لە پلانەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2023 دا.

لە مانگی چواری ساڵی 2019 دا دوابەدوای لەکارلابردنی سەرۆکی پێشووی سودان عومەر بەشیر لەڕێی خۆپیشاندانەکانەوە دژی حکومڕانیەکەی، حەمدۆک وەکو سەرۆک وەزیری نوێی وڵاتەکە دەستنیشانکرا تاوەکو سەرکردایەتی حکومەتە کاتییەکە بکات. حکومەتی کاتی سودان لەڕێی ڕێکەوتنێکی سوپا و هێزە سیاسییە مەدەنییەکانەوە پێکهات و وابڕیاربوو تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 بەردەوام بێت.

لە 25 ی مانگی 10 دا حەمدۆک لەسەر کارەکەی لابرا و خەڵکەکەش خۆپیشاندانێکی گەورەیان دژی کودەتاکەی سوپا ئەنجامدا، بەڵام تەنانەت دوابەدوای ڕێکەوتنەکەی نێوان حەمدۆک و سوپا لە مانگی یانزەدا، خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون، سوپا بە بەکارهێنانی هێز و گازی فرمێسک ڕژێن و تەقە و فیشەکی لاستیکیەوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.

لیژنەی پزیشکانی دیموکراتخوازی سودان وتی لە پێکدادانەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و خۆپیشاندەراندا سێ کەس کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG