Accessibility links

لە خۆپیشاندانەکاندا دژی کودەتا سەربازییەکەی سودان 7 کەس کوژران و 140 کەسی دیکە برینداربوون


گرتنی شەقامێک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە سودان
گرتنی شەقامێک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە سودان

ڕۆژی دووشەممە سوپای سودان کودەتایەکی سەربازی بەسەر حکومەتی وڵاتەکەدا کرد و دەسەڵاتی گرتەدەست، بەرپرسانی تەندروستیش دەڵێن لەمیانەی پێکدادانەکانی نێوان سەربازەکانی سوپای سودان و خۆپیشاندەرەکاندا 7 کەس کوژراون و 140 کەسی دیکە برینداربوون.

ڕابەری کودەتاکە جەنەڕاڵ عەبدول فەتاح ئەل بورهان ئەنجومەنی سەروەری هاوبەشی مەدەنی و سەربازی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە کە وابڕیاربوو سودان بەرەو دیموکراسیەت بەرێت.

بورهان باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا ڕاگەیاند و وتی هێزە چەکدارەکانی پێویستیان بەوە بووە ئاسایش و سەلامەتی بپارێزن. بەڵێنیدا لە مانگی حەوتی ساڵی 2023 دا هەڵبژاردنێک ڕێکبخات و لەو کاتەدا دەسەڵات ڕادەستی حکومەتێکی هەڵبژێردراوی مەدەنی بکات.

وتی " ئەوەی ئێستا لە وڵاتەکەدا ڕوودەدات هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر خەونی گەنجەکان و هیوای گەلەکە."

وەزارەتی زانیاری سودان کە هێشتا پشتیوانی لە سەرۆک وەزیری دەرکراوی سودان عەبدەڵا حەمدۆک دەکات وتی بەپێی دەستووری وڵاتەکە تەنها سەرۆک وەزیر دەتوانێت باری نائاسایی ڕابگەیەنێت و ڕەفتارەکانی سوپا تاوانن.

دیبلۆماتکارانیش دەڵێن پێدەچێت ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سودان کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجام بدات.

وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر وتی " ڕەفتارەکانی سوپای سودان ڕەت دەکەینەوە و داوا دەکەین بەزووترین کات سەرۆک وەزیر و ئەوانی دیکەش ئازاد بکرێن."

گەنجانی وڵاتەکە دژایەتی کودەتا سەربازییەکەیان کرد و شەقامەکانی گرت و ڕووبەڕووی هێزە سەربازییەکان بوونەوە. حیزبی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی سودان کە پشتیوانی لە لەکارلابردنی عومەر بەشیری سەرۆکی پێشوو و پێکهێنانی ئەنجومەنی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی سودان کرد، وتی داوا لە خەڵکەکە دەکەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە ڕووبەڕووی کودەتاکەی سوپا ببنەوە، لەڕێی خۆپیشاندان و گرتنی شەقامەکانەوە.

وەزارەتی زانیاری سودان پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان کرد و وتی دەیان هەزاران کەس دژی کودەتاکەن و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی تەقە بوونەتەوە لەلایەن هێزەکانی سوپاوە. هەروەها کارمەندانی بانکی ناوەندیش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بۆ کودەتاکە، مانیان لە کارکردن گرتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG