Accessibility links

وتووێژی نێوان سودان و میسر و ئەثیوپـیا لە بارەی بەنداوێک شکستی هێنا


وەزیری دەرەوەی سودان دەڵێت وتووێژە سێ قۆڵیـیەکەی نێوان وڵاتەکەی و ئەثیوپـیا و میسر لە خەرتومی پایتەخت بەڕێوەچوو سەبارەت بە بەنداوێکی ئەثیوپـیا بێ ئاکام بوو و شکستی هێناوە.

ئیبراهیم غەندور ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی ئەو کۆبوونەوانەی لە ڕۆژی پـێنجشەممەوە هەتا ئەمڕۆ لە نێوان وەزیرانی دەرەوە و سەرۆکانی دەزگا هەواڵگریـیەکانی هەرسێ وڵات بەڕێوەچوون سەبارەت بە بەنداوی نەهزە (النهضة) شکستی هێنا.

غەندور گوتی" کۆبووینەوە و وتووێژمان لە بارەی زۆر بابەت کرد، بەڵام لە کۆتایـیدا نەمانتوانی بە ڕێکەوتنێک بگەین تاوەکو بە بڕیارێکی هاوبەش لە کۆبوونەوەکان دەربچین."

پاشان گوتی ناکۆکیـیەکان تەکنیکین و ناتوانێت ئاماژەیان پـێبکات. باسی لەوەش کرد هیچ وادەیەک بۆ خولێکی دیکەی وتووێژی نێوان هەرسێ وڵات پـێشنیارنەکراوە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بابەتەکەیان بۆ وەزیرانی ئاو و ئاودێری هەرسێ وڵاتیان سپاردووە.

هاوکات هەریەک لە سامح شوکری وزیری دەرەوەی میسر و ورکنیە گێبیو وەزیری دەرەوەی ئەثیوپـیا ئامادە نەبوون بۆ ڕۆژنامەوانان لێدوان بدەن.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2012 وە ئەثیوپیا دەستیکردووە بە بنیادنانی ئەم بەنداوە لەسەر ڕووباری نیل و مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 4 ملیار دۆلاری تێبچێت. ئامانجی سەرەکی لە بنیادنانی بەنداوەکە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایە. سودان پشـتیوانی لە دروستکردنی دەکات، چونکە وڵاتەکەی لە مەترسیـیەکانی لافاو دەپارێزێت و هەروەها وزەی کارەباشی بۆ دابیندەکات، بەڵام میسر مەترسی هەیە ڕێژەی ئەو ئاوەی دەگاتە خاکی وڵاتەکەیەوە کەمببێتەوە.

XS
SM
MD
LG