Accessibility links

پارتەکەی شتوب لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فینلەندادا لە پێشەنگدایە


بەپێی داتاکانی وەزارەتی دادی فینلەندا، پارتی هاوپەیمانی نیشتیمانی ڕاستڕەوی ناوەندی ئالیکساندەر شتوب لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی خوولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فینلەندادا لە پێشەنگدایە، پارتەکەی شتوب لە سەدا 52.7 ی بە دەستهێناوە.

ئەندامی پارتی لیبڕاڵی سەوز پێکا هاڤیستۆ بە کۆکردنەوەی لە سەدا 47.3 ی دەنگەکان لە پلەی دووەمدا دێت، لە کاتێکدا کە لە سەدا 63.2 ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە.

فینلەندا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت کە بەرپرسیش دەبێت لە ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە. پێشبینی دەکرێت کاتژمێر 9:00 ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە براوەی هەڵبژاردنەکان ڕابگەیەندرێت.

شتوب کە پێشتر سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بووە، لە 28 ی مانگی یەکدا یەکەمین خولی هەڵبژاردنەکانی بردەوە و لە سەدا 27.2 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا، هاڤیستۆش لە سەدا 25.8 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا. لە ڕاپرسییەکانیشدا لە پێش هاڤیستۆوە بووە، لە نوێترین ڕاپرسیدا بە 6-8 خاڵ لە پێشییەوە بووە.

شتوب دوای بینی ئەنجامە سەرەتاییەکان وتی " دەستپێکێکی زۆر باشی ئەم ئێوارەیەیە. هەستێکی خۆشم هەیە بەڵام هێشتا دەنگێکی زۆر ماوە جیا بکرێتەوە."

هەڵبژاردنەکە سەردەمێکی نوێ دەبێت بۆ فینلەندا، کە چەندین دەیەیە سەرۆکەکانی وڵاتەکە هەوڵییان داوە پەرە بە دیبلۆماسی بدەن، بە تایبەتی لەگەڵ ڕووسیای دراوسێیدا، هەروەها بڕیاریدابوو پەیوەندی نەکات بە هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیادا.

بەڵام دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 دا، فینلەندییەکان ئەو سیاسەتەیان گۆڕی و بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا بووە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

ئێستا لە ژێر چەتری ئاسایشی نوێی هاوپەیمانێتی ناتۆدا، سەرۆکە نوێیەکە شوینی ساولی نینیستۆ دەگرێتەوە، کە دوابەدوای دوو خوولی شەش ساڵەیی وەکو سەرۆک وڵاتەکە خۆی خانەنشین دەکات. جێگرەوەکەی نینیستۆ ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە ناساندنی سیاسەتەکانی ناتۆی فینلەندادا، لە هەمان کاتیشدا سەرکردایەتی حکومەت دەکات و وەکو سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکان مامەڵە دەکات.

شتوب و هاڤیستۆ هەردووکیان لایەنگری ئەوروپان و بە توندی پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکەن، لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشیاندا هەڵوێستێکی توندییان دژی ڕووسیا پیشانداوە.

لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز لە مانگی ڕابردوودا، شتوب وتی بۆ ئێستا هیچ پایەیەکی ڕووسیایی نابێت لە سیاسەتی دەرەوەی فینلەندادا، " لە ڕووی سیاسییەوە، هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا یاخود سەرکردایەتی ڕووسیادا نابێت هەتاوەکو ئەو کاتەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەوەستێت."

شتوب پشتیوانی لە هاریکارییەکی قووڵ دەکات لەگەڵ ناتۆدا، لەوانەش: گواستنەوەی چەکی ئەتۆمی لە ڕێی خاکی فینلەنداوە و جێگیرکردنی هەندێک لە هێزەکانی ناتۆ لە فینلەندا بە شێوەیەکی هەمیشەیی. پشتگیری لە دانانی چەکی ئەتۆمی ناکات لە فینلەندادا، بەڵام دەڵێت " هەندێک کات چەکێکی ئەتۆمی گرەنتی ئاشتی دەدات."

ڕووسیا بەڵێنیداوە تۆڵە لە فینلەندا بکاتەوە لەسەر ئەندامێتیەکەی لە ناتۆدا و ئەو ڕێککەوتنی بەرگرییەی فینلەندا لەگەڵ ئەمەریکادا کە لە مانگی دوانزەدا واژۆ کرا.

لەلایەکی دیکەوە هاڤیستۆ کە پێشتر وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بووە و دانوستکاری ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە و کەسایەتییەکی دیاری داکۆکیکار بووە لە مافەکانی مرۆڤ، هەڵوێستێکی وریانەتری دەوێت.

هاڤیستۆ دەیەوێت فینلەندا لەسەر بڕیارەکەی بمێنێتەوە کە تێیدا چەکی ئەتۆمی لەسەر خاکی فینلەندا قەدەغە دەکات و پێی وایە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە فینلەندا پێویست نیە بۆ دۆخەکەی ئێستا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG