Accessibility links

بومەلەرزەیەکی بەهێز لە نزیک پایتەختی یۆنان دەدات


بومەلەرزەیەکی بەهێز لە نزیک ئەثینای پایتەختی یۆنانی داوە و بووەتە هۆی بڕینی پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکان و وزەی کارەبا لە چەند ناوچەیەک.

ئنستتیوتی ئەثینا بۆ جوڵانەوەی جیولۆجی دەڵێت بومەلەرزەکە بە گوڕی 5.1 پـلە بە پـێوەری ڕێختەر بووە، بەڵام دەزگای چاودێری جیۆلۆجی ئەمەریکا دەڵێت 5.3 بووە و لە کاتژمێر 2:38 پاشنیوەڕۆ بە کاتی خۆجێی لە ناوچەیەکی داوە کە نزیکەی 22 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای ئەثیناوە دورە.

لەگەڵ ڕوودانی بومەلەرزەکە خەڵکی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری ماڵ و بیناکانیان چۆڵکرد و هەتانە سەر جادە و شەقامەکان.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ERT ی یۆنانی کە لەو کاتەدا بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی لە ستدیۆ هەبوو، بۆمەلەرزەکەی پـێوە دەرکەوت.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ هەواڵێک نیـیە باس لە زیانی گیانی و مادی ئاکامی بومەلەرزەکە بکات.

XS
SM
MD
LG