Accessibility links

ستیڤن هۆکینگ لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد


ستیڤن ھۆکینگ زانای مەزنی جیهان لە بواری فیزیا لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەمەش لە پاش دەیان ساڵ لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بە زانست و بۆچوون و بیردۆزەکانی.

هەردوو کوڕەکەی ڕۆبەرت و تیمۆثی و لوسی کچی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتیان" زۆر خەمبارین بۆ کۆچی دوایی باوکی خۆشەویستمان لە ئەمڕۆدا. زانایەکی مەزن و پـیاوێکی بێ وێنە بوو، کار و داهێنانەکانی بۆ چەندان ساڵ بە زیندوویی دەمێننەوە."

ستیڤن ھۆکینگ لە 8 ی مانگی یەکی ساڵی 1942 لە ئکسفۆردی بەریتانیا لەدایکبوو و هەر تەمەنی منداڵیـیەوە زیرەکی و بلیمەتی پـێوە دیاربووە. هەرچەندە لە تەمەنی 21 ساڵی دووچاری نەخۆشی لاوازبوونی ماسولکەکان بوو و پـزیشکان پـێشبینیان کردبوو لە چەند ساڵێک زیاتر ناژی، بەڵام ستیڤن لە هەوڵەکانی بۆ فێربوون و پەرەپـێدان بە تواناکانی نەوەستا.

سەرەڕای ئەوەی وردە وردە دووچاری ئیفلیجی بوو و زمانی لە قسەکردن کەوت، درێژوی بە کارەکانی دا و توێژینەوەی گرنگی ئەنجام دا لە بوارەکانی زانستی گەردوون، بە تایبەتی لە بارەی خاڵە ڕەشەکانەوە کە لە ساڵی 1974 سەلماندی ئەو خاڵانە تیشک‌دەرن، ئەمەش پـێچەوانەی بیردۆزەکانی لەو سەردەمە هەبوون، بۆیە ئەو تیشکە بە " تیشکی هۆکینگ" ناودێرکرا.

ساڵی 1988 کتێبێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی" A Brief History of Time"، زیاتر لە 10 ملیۆن چاپی لێفرۆشرا.

ژیانی ئەم زانایە هێندە سەرنج ڕاکێش بوو، فلیمی لەسەر کرابە ناوی The Theory of Everything و ساڵی 2014 لە سینەماکانی جیهان نمایش کرا.

XS
SM
MD
LG