Accessibility links

پەرلەمانی ئیسپانیا لەسەر گەندەڵی سەرۆک وەزیری لە پـۆستەکەی لادا


پەرلەمانی ئیسپانیا متمانەی لە سەرۆک وەزیری وڵاتەکەی سەندەوە پاش ئەوەی خۆی و پارتەکەی بە گەندەڵی تۆمەتبارکران.

ئەمڕۆ هەینی و لە دەنگدانێکدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیسپانیا بە دەنگی 180 بەرامبەر 169 و ئەندامێک دەنگی نەدا، ماریانۆ ڕاخۆی لە پـۆستەکەی لادرا.

ماریانۆ ڕاخۆی تەمەن 63 ساڵ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆنەپارێزی ئیسپانیا کە لە ساڵی 2011 وە لە پـۆستی سەرۆک وەزیرە، خۆی و پارتەکەی تۆمەتبارکراون بەوەی بە نهێنێ موچەی نایاسایی‌یان بۆ ئەندامە باڵاکانی پارتەکەیان بڕیوەتەوە و بە ملیۆنان یورۆیان لە چەندان کۆمپانیای وڵاتەکەیان وەرگرتووە و لەگەڵ ئەوانەشدا سەروەت و سامانێکیان هەیە کە سەرچاوەکانیان نازانرێن. بەڵام ڕاخۆی و پارتەکەی نکۆڵی لەو تۆمەتانە دەکەن.

پاش لابردنی ڕاخۆی لە پـۆستەکەی، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیسپانیا بە دەنگی 180 پەرلەمانتار پـێدرۆ سانشێزی سکرتێری گشتی پارتی کرێکارانی سۆسیالستی ئیسپانیای بۆ گرتنەدەستی پـۆستی سەرۆک وەزیر پەسەندکرد.

پـێدرۆ سانشێزی تەمەن 46 ساڵ، لە مێژەوە چاوی لەو پـۆستە بووە لە کاتێکدا پارتەکەی تەنیا خاوەنی 84 کورسیـیە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، لە بەرامبەریشدا پارتی گەلی ڕاخۆی 137 کورسی هەیە. بەڵام بە پشتیوانی پارتەکانی دیکەی ئۆپـۆزسیۆن سانشێز توانی دەنگی زۆرینە بۆخۆی بەدەستبهێنێت.

پـێدرۆ سانشێز کە پـێشتر مامۆستای ئابوری بووە لە پاش گرتنەدەستی پـۆستەکە گوتی" ئەمڕۆ پەڕەیەکی نوێ لە مێژووی دیموکراتی وڵاتەکەمان هەڵدەدەینەوە."

XS
SM
MD
LG