Accessibility links

ئێل پاییس: ئیسپانیا موشەکی دژە فڕۆکە و تانک دەدات بە ئۆکرانیا


ڕۆژنامەی ئێل پاییس لە زاری سەرچاوە حکومییەکانەوە بڵاویکردەوە ئیسپانیا بەنیازە موشەکی دژە فڕۆکە و تانکی لیۆپارد بدات بە ئۆکرانیا، ئەمەش لە چوارچێوەی زیادکردنی پشتیوانییە سەربازییەکانی ئیسپانیادا بۆ ئەو وڵاتە.

ئیسپانیا مەشقی پێویستیش بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی تانکەکان. مەشقەکە لە لاتیڤیا دەبێت کە لەوێ ئیسپانیا 500 سەربازی هەیە و لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆدا ڕەوانەی ئەو وڵاتەی کردوون.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە قۆناغی دووەمی مەشقەکان ڕەنگە لە ئیسپانیا بەڕێوەبچن.

ڕۆژنامەکە دەڵێت وەزارەتی بەرگری ئیسپانیا لە کۆتایی ئامادەکارییەکانیدایە بۆ گەیاندنی موشەکی دژە فڕۆکەی شرۆد ئاسپایدی ئاست نزم بۆ ئۆکرانیا، لە ئێستادا سوپای ئیسپانیا ئەو سیستمە موشەکییەی بۆ سیستمی موشەکی پێشکەوتووتر گۆڕیوە.

تاوەکو ئێستا ئیسپانیا تەقەمەنی و پێداویستی پاراستن و چەکی سووکی داوە بە ئۆکرانیا.

سەرچاوەکان بە ئێل پاییسیان وت پێشنیاری زیادکردنی پشتیوانییەکان دوای ئەوە هات کە سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز لە 21 ی مانگی چواردا سەردانی ئۆکرانیای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی پڕۆسەکەوە گەیاندنی موشەک و تانکەکان دواخرا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG