Accessibility links

دادگای دەستووری ئیسپانیا دەڵێت ڕیفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا نایاساییە


وتەبێژێکی فەڕمی دادگای دەستووری ئیسپانیا وتی ڕیفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی نایاساییەوە و ئەو یاسا هەرێمییەی پشتگیری لەو ڕیفراندۆمە کردووە پێشێلی دەستووری ئیسپانیای کردووە.

لە شەشی مانگی نۆدا حکومەتی کەتەلۆنیا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دا بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا و جیابوونەوەی هەرێمەکە لە ئیسپانیا. دادگای باڵای ئیسپانیا وتی دەبێت بۆ ماوەیەکی کاتی یاساکە هەڵبوەشێتەوە چونکە حکومەتی ئیسپانیا دژیی ئەو یاسایەیە، بەڵام هەرێمی کەتەلۆنیا گوێیان نەدا بەوانە و لە یەکی مانگی 10دا ڕیفراندۆمەکەیان ئەنجامدا.

بەپێی ڕێکارەکانی دادگا، هەڵوەشاندنەوەکە دەبوو پێنج مانگ بخایەنێت تاوەکوو دادوەرەکان فەرمانێکیان دەردەکرد، بەڵام حکومەتی کەتەلۆنیا وتی مافی کەتەلۆنیا بۆ سووربوون لەسەر سەربەخۆیی لەسەروو یاساکانی ئیسپانیاوەیە.

بەڵام وتەبێژی حکومەتی کەتەلۆنیا جۆردی توروڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت کەتەلۆنیا خۆی نادات بەدەستەوە لە هەوڵی جیابوونەوەکەیاندا و دووبارە داوای گفتوگۆکردنی کردەوە لەگەڵ مەدریددا سەبارەت بە جیابوونەوەیان لە ئیسپانیا بە ڕێگایەکی دیموکراسییانە.

ئیسپانیا هەتا ڕۆژی پێنجشەممەی داوە بە کەتەلۆنیا بۆ ئەوەی پاشگەز ببنەوە لە هەوڵەکانیان بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا، ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی فەرمانڕەوایی ڕاستەخۆ دەبێتەوە لەلایەن مەدریدەوە.

کەتەلۆنیا 7.5 ملیۆن دانیشتوویی هەیە و بەرشەلۆنەی پایتەختەکەی یەکێکە لە گەورەترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئەوروپا. کەتەلۆنیا زمان و کلتوری جیاوازی خۆیان هەیە، زۆرێک لەو خەڵکانەی کە دژی ڕیفراندۆمەکە بوون دەنگیان نەدا و بایکۆتیان کرد و بەوەش ژمارەی دەنگدەرانیان کەمکردەوە بۆ تەنها لە سەدا 43 دەنگدەر.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG