Accessibility links

مەغریب داوا لە ئیسپانیا دەکات خۆی بەدووربگرێت لە زیادکردنی قەیرانەکانی نێوان دوو وڵاتەکە


وەزیری دەرەوەی مەغریب ناسڕ بۆریتە داوای لە ئیسپانیا کرد خۆی بەدووربگرێت لە " زیادکردنی " ئەو قەیرانانەی کە بەهۆی پێشوازیکردنی مەدرید لە ڕابەری پۆلیساریۆ ئیبراهیم غالیەوە دروستبوون.

بۆریتە داواشی کرد ئیسپانیا کاربکات بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی هاوبەشیە ستراتیژییەکەی نێوان دوو وڵاتەکە، بەتایبەتی لە بواری کۆچدا.

مەغریب جەخت لەوە دەکاتەوە ڕابەری بەرەی پۆلیساریۆ کە لەلایەن جەزائیرەوە پشتیوانی لێدەکرێت " بەشێوەیەکی نایاسایی و بە ناسنامە و بەڵگەنامەی ساختەوە چووەتە ناو ئیسپانیاوە." هەروەها داوای لێکۆڵینەوەیەکی کرد لە چۆنێتی پێشوازیکردنی مەدرید لە غالی. پێشتریش ئیسپانیا ڕایگەیاندبوو " بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە " پێشوازییان لە ئیبراهیم غالی کردووە.

ڕابەری پۆلیساریۆ دوای ئەوەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک دەکرێت لە باکووری ئیسپانیا و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.

ئەم بابەتە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێک لەنێوان دوو وڵاتەکەدا، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیسی مەغریب ڕێوشوێنەکانیان لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و ئیسپانیا کەمکردەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نزیکەی 10 هەزار مەغریبی بگەنە سەبتەی ئیسپانیا.

بۆریتە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی فرانس پرێس وتی ڕێگەدان بە غالی " بگەڕێتەوە و خۆی لە دادگای ئیسپانیا بدزێتەوە و قوربانییەکان پشتگوێ بخات وەکو ئەوە وایە داوای زیادکردنی گرژییەکان بکەیت."

بۆریتە وتی خۆبەدوورگرتن لە " زیادبوونی گرژییەکان " بە لێکۆڵینەوەیەکی " شەفاف " دا تێپەڕدەبێت لەسەر ئەوەی غالی چۆن چووەتە ناو ئیسپانیاوە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە ئاڕاستەی کراون، لەوانەش تۆمەتی " ئەشکەنجەدان ، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ."

جەختیشی لەوە کردەوە ئەمە " تاقیکردنەوەی ئەو هاوبەشییە ستراتیژییەیە کە لەنێوان دوو وڵاتەکەدا هەیە "، بەتایبەتی لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییەوە.

وتیشی " باشبوون لەگەڵ دراوسێدا نابێت یەکلایەنانە بێت." جەختی لەوە کردەوە مەغریب " ناچار نیە سنوورەکە بپارێزێت بەڵام لەچوارچێوەی ئەو هاوبەشیەدا ئەو کارە دەکات."

وەزیری دەرەوەی مەغریب ئەوەشی خستەڕوو لە ساڵی 2017 دا " وڵاتەکەی زیاتر لە 4 هەزار تۆڕی کۆچی نایاسایی ئاشکرا کردووە و ڕێگەی لە 14 هەزار هەوڵی نایاسایی گرتووە بۆ پەڕینەوە لە سنوورەکە، ئەمە لەکاتێکدا ئەوروپا ساڵانە 300 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە کە کەمترە لە سەدا 20 ی تێچووی ئەو ئەرکانە."

لەم هەفتەیەدا دادگای ئیسپانیا دووبارە تۆمەتەکانی ئاڕاستەی بە ئیبراهیم غالی کردەوە، لەو تۆمەتانەش " تێوەگلانی غالی لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و ئەشکەنجەداندا. "

بەرەی پۆلیساریۆ داوای گشتپرسییەک دەکات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بیابانی ڕۆژئاوا، لەکاتێکدا مەغریب کە لە سەدا 80 ی بیابانەکەی لەژێر دەستدایە پێشنیاری ئەوە دەکات حوکمێکی خۆجێی بدات بە ناوچەکە بەڵام لەژێر سەروەری خۆیدا.

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا بەرەی پۆلیساریۆ دەستپێکردنەوەی شەڕی دژ بە حکومەتی مەغریب ڕاگەیاند، ئەوەش دوای نزیکەی 30 ساڵ لە ئاگربەست، ئەم بڕیارەی پۆلیساریۆش دوای ئەوە هات مەغریب ئەرکێکی سەربازی لە ناوچەیەکی باشووری بیابانی ڕۆژئاوادا ئەنجامدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG