Accessibility links

ئیسپانیا و مەغریب ئەندامانی گروپـێکی سەر بە داعش دەستگیردەکەن


ئیسپانیا دەڵێت بە هەماهەنگی لەگەڵ مەغریب توانیویانە لە ئۆپەراسیۆنێـکی هاوبەشدا شانەیەکی تێرۆرستی سەر بە داعش هەڵبوەشێنـنەوە و هەموو ئەندامەکانی دەسـتگیربکەن کە بە نیازبوون هێرشی تێرۆرستی ئەنجام بدەن، لەوانە خەڵک سەربڕین.

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند " پـۆلیسی نیشتیمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری خاکی نیشتیمانی لە مەغریب پـێکەوە توانیویانە شانەیەکی تێرۆرستی هەڵبوەشێنـنەوە کە لە 6 کەس پـێکهاتبوون، یەکێـکیان لە ملیلیە دەسـتگیرکراوە و 5 کەسەکەی دیکەیان لە مەغریب."

هەروەها لە بەیانـنامەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوەکانی پـۆلیسی مەغریب نیشانیان داوە ئەم تێرۆرستانە شەو بە نهێنی کۆبوونەتەوە و ڕاهێنانیان کردووە تاوەکو چۆن هێرشی تێرۆرستی ئەنجام بدەن و خەڵکی بە چەقۆ سەربڕن. دەشڵێت گروپەکە بە نیازبوون چەندان هێرشی تێرۆرستی لە ئیسپانیا و مەغریب ئەنجام بدەن.

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب ئەویش لای خۆیەوە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی لە چوارچێوەی هاوکاری ئاسایشی نێوان هەردوو دەزگای ئاسایشی مەغریب و ئیسپانیا لە بواری نەهێشتنی تێرۆردا، ئۆفیسی ناوەندی لێکۆڵینەوە دادوەریـیەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری خاکی نیشتیمانی توانیویەتی شانەیەکی تێرۆرستی سەر بە داعش هەڵبوەشێنێتەوە و 5 کەسیان دەسـتگیربکات کە یەکێـکیان ئیسپانیـیەکی بە ڕەچەڵەک مەغریبیـیە و دانیشتووی شاری ملیلیەیە.

بەیانـنامەکەی مەغریب باسی لەوە کرد ئەم 5 کەسە هەموویان لە ناوچەی بەنی شیکری شاری نازۆری سەر دەریای ناوەڕاست دەسـتگیرکراون، بەڵام کەسی شەشەم لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیسپانیاوە لە شاری ملیلیە دەسـتگیرکراوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەم گروپە هەروەها سەرقاڵی فریودانی گەنجان بوون و هەوڵیان داوە بەلای داعش ڕایانبکێشن.

XS
SM
MD
LG