Accessibility links

دادگایەکی ئیسپانیا داوای دەسـتگیرکردنی ڕێبەرانی کەتەلۆنیا لە دەرەوە دەکشێنێتەوە


دادگای باڵای ئیسپانیا دەڵێت ئەو دادوەرەی بەرپـرسە لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە هەوڵی جوداخوازیـیەکەی کەتەلۆنیا لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، بڕیاری دا داوای ڕادەستکردنی کارلس پودگیمۆنت سەرۆکی پـێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا و سەرکردەکانی دیکەی ئەو هەرێمە لە دەرەوە بکشێنێتەوە.

بەپـێی دادگاکە دادوەر پابلۆ لارینا دوێنێ پـێنجشەممە بڕیاری کشانەوەی داوای ڕادەستکردنی کارلس و 5 سەرکردەی دیکەی کەتەلۆنیای داوە.

کارلس لە ئەڵمانیایە و هەفتەی ڕابردوو دادگایەکی ئەو وڵاتە بڕیاردرا مۆڵەت بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بدرێت کارلس ڕادەستی ئیسپانیا بکەنەوە لەسەر تۆمەتەکانی گەندەڵی نەک یاخیبوون کە سزاکەی زۆر گەورەیە و دەگاتە 25 ساڵ زیندانی.

پـێنج سەرکردەکەی دیکەی کەتەلۆنیا، چواریان لە بەلجیکان و یەکێکیان لە سکۆتلاندە.

جگە لەمانە 9 سەرکردەی دیکەی کەتەلۆنەکان لە ناو ئیسپانیا دەسـتگیرکراون لەسەر هەمان تۆمەتی جوداخوازی.

پارێزەری یەکێک لەو سەرکردانەی بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتوون، خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکەی دادوەر دەربڕی، بەڵام گوتی هەتا حکومەتی ئیسپانیا ڕایانگەیەنێت کۆتایی بە کەیسەکە هاتووە ئەوان هەر مەترسیان دەبێت.

جێی ئاماژەیە لە 1 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هەرێمی کەتەلۆنیا بەبێ ڕەزامەندی مەدرید ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و ڕێژەی بەشداری تیایدا گەیشتە نزیکەی 42% و زیاتر لە 90%ی بەشداربووان دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان، ئەمەش لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاوە بە یاخیبوون و هەوڵی جوداخوازی ناودێرکرا.

XS
SM
MD
LG