Accessibility links

سەرۆکی لەکارلادراوی کەتەلۆنیا داوا لە ئەوروپا دەکات گوێ لە خواستی خەڵکی هەرێمەکەی بگرێت

  • VOA News

لە پاش سەرکەوتنی پارتەکانی خوازیاری سەربەخۆیی لە کەتەلۆنیا، سەرۆکی لەکارلادراوی ئەم هەرێمەی ئیسپانیا داوای لە ئەوروپا کرد گوێ لە دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمەکەی بگرن.

کارلیس بیگدیمۆنت ئەمڕۆ هەینی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ میدیاکان لێدوانی دا و گوتی " تەنیا داوا لە کۆمسیاری ئەوروپا و دامودەزگاکانی ئەوروپا دەکەم گوێ لە خەڵکی کەتەلۆنیا بگرن، نەک تەنیا دەوڵەتی ئیسپانیا."

پاشان پـێشنیاری کرد لەگەڵ ماریۆ ڕاخۆی سەرۆک وەزیری ئیسپانیا کۆبوونەوەیەک لە دەرەوەی ئیسپانیا سازبکەن لە بارەی پـرسی سەربەخۆیی هەرێمەکەیان.

جێی ئاماژەیە لە پاش جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی دوێنێ پـێنجشەممە، ئەنجامە بەرایـیەکان ڕاگەیەندران. پارتەکانی لەگەڵ سەربەخۆیی بوون، لەوانە (پارتی لە پـێناو کەتەلۆنیا و پارتی چەپی کۆماری لە کەتەلۆنیا و پارتی یەکگرتووی نیشتمانی) لە کۆی 135 کورسیـیەکەی پەرلەمان توانیان 70 کورسی بەرنەوە.

بەڵام پارتی هاوڵاتیان، ئەوەی لە دژی سەربەخۆیی‌یە 37 کورسی بەدەستهێنا.

هەروەها پارتی گەلی سەرۆک وەزیری ئیسپانیا کە لە پەرلەمانی پـێشوو خاوەنی 11 کورسی بوو، دووچاری شکستێکی گەورە بووە و تەنیا توانی 3 کورسی بەدەسـتبهێنێت.

ئەوەی جێی سەرنجە ڕێژەی بەشداریکردن لە پـرۆسەی دەنگدانەکە گەیشتە نزیکەی 80% ، ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە مێژووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کەتەلۆنیا خەڵکی بەو ئاستە بەشداری بکەن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 1 ی مانگی دەی ئەمساڵ هەرێمی کەتەلۆنیا ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و ڕێژەی بەشداری تیایدا گەیشتە نزیکەی 42% و زیاتر لە 90%ی بەشداربووان دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان.

هەرێمی کەتەلۆنیا خاوەنی ئابوریـیەکی بەهێزە لە ناو وڵاتی ئیسپانیا و دیموکراتیـیەتێکی ڕاستەقینە تیایدا پـیادەدەکرێت.

XS
SM
MD
LG