Accessibility links

خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە کەتەلۆنیا سازدەکرێت


دەیان هەزار کەس ئەمڕۆ چوارشەممە ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری بەرشلونەی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا بۆ دەبڕینی ناڕەزایی لە پاش ئەوەی پـۆلیسی ئیسپانیا 13 کاربەدەسـتی حکومەتی هەرێمەکەیانی دەسـتگیرکرد بە تۆمەتی هەوڵی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

کارلیس بیگدیمۆنت سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا حکومەتی هەرێمەکەیانی لەکارخستووە و باری نائاسایی بەسەر سەپاندووە. پاشان حکومەتی ماریانۆ ڕاخۆی سەرۆک وەزیری ئیسپانیای بە زۆرداری و پـێشێلکردنی مافە سەرەتایـیەکان تۆمەتبارکرد.

هێزی پاسەوانی نیشتمانی ئیسپانیا پشـتڕاستی کردەوە 13 گەورە کاربەدەسـتی حکومەتی کەتەلۆنیای دەسـتگیرکردووە و بە جوداخواز ناودێری‌کردن.

گوتەبێژی حکومەتی کەتەلۆنیا دەڵێت هێزەکانی حکومەتی ناوەندی هەڵیانکوتاوەتە سەر 22 شوێن و ئەو کاربەدەسـتانەیان دەسـتگرکردووە، دەشڵێت دەسـتگیرکردنی ئەو کاربەدەستانە پەیوەندی بەو ماڵپەڕانە هەیە کە تایبەتن بە ڕیفراندۆمەکە.

سەرۆک وەزیری ئیسپانیا هەوڵی ڕیفراندۆمەکەی بە نایاسایی و نا دەستوری ناودێرکرد و دەڵێت نابێت ئەنجام بدرێت، بۆیە داوای لە کاربەدەستانی هەرێمەکە کرد لە بڕیاری ڕیفراندۆمەکە پاشگەزببنەوە.

کاربەدەستانی کەتەلۆنیا بڕیاریان داوە لە 1ی مانگی دەی ئەمساڵ پـرۆسەی دەنگدانێـک سازبکەن بۆ ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی هەرێمەکەیان.

XS
SM
MD
LG