دوای ئەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا دەنگدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجامدا و توندوتیژییەکی زۆری لێکەوتەوە، ماریانۆ ڕاخۆی ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی دەستووری بۆتەوە کە دەیان ساڵە وڵاتەکەی نەیبینیوە.
ڕۆژی دووشەممە شەقامەکانی بەرشەلۆنە هێوربوونەوە، بەرپرسانی هەرێمەکەش ڕایانگەیاند لە سەدا 90 ی دەنگدەران جیابوونەوەیان لە ئیسپانیا هەڵبژاردووە.
ڕۆژنامەوی لاڤانگاریا کە لە کەتەلۆنیا دەردەچێت وتی " بارودۆخەکە لەوانەیە خراپتر ببێت." ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیس فیشەکی مەتاتی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی دەنگدەران، ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوە توندوتیژییەکی ئێجگار زۆر و لە ئەنجامدا 840 کەس برینداربوون.
ڕۆژنامەکە وتیشی " ئێمە دەچینە قۆناغی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی سەر شەقامەوە، لەگەڵ جووڵەیەکی گەورەتر و پاڵنەرێکی زیاتر."
سەرکردەی هەرێمی کەتالۆنیا کارلس بۆدگمۆن وتی دەنگدەران بڕیاریان داوە لەسەر مافی سەربەخۆبوون و ئەنجامەکانیش دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی ناوخۆ.
ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەو ناوچەیەدا کە ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 7.5 ملیۆن کەس کە پێشتر ناو و زمان و کلتووری خۆیان هەبووە، هەروەها لەوانەیە زیان بگەیەنێت بە دارایی ئیسپانیاش.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز