Accessibility links

سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا بە کەفالەتی 150 هەزار یورۆ لە زیندان ئازاددەکرێت


سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە زیندانێکی مەدریدی پایتەخت ئیسپانیا ئازادکرا پاش ئەوەی 150 هەزار یورۆی وەک کەفالەت دانا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی لەسەر هەوڵی سەربەخۆیی هەرێمەکەی ئاڕاستەی کراون.

کارمی فۆرکادیل تەمەن 58 ساڵ شەوی پـێنجشەممەی لە زیندان بەسەربرد، پاش ئەوەی دوێنێ دادوەری دادگای باڵای ئیسپانیا بڕیاری دەستگیرکردنی دا بە تۆمەتی یاخیبوون و پابەند نەبوون بە دەستوری وڵاتەکە، بەڵام بەپـێی یاسا ئەو تۆمەتە دەکرێت بە کەفالەتی دارایی تاوانبارەکەی ئازادبکرێت، بۆیە دادوەر ئازادکردنەکەی پەسەندکرد دوای ئەوەی خانم کارمی ئەو بڕە پارەیەی دانا.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارمی فۆرکادیل هەر لە ژێر چاودێری دادوەری دەمێنێتەوە و دەبێت هەموو هەفتەیەک بچێتە بەردەم دادوەرێک و هەروەها بۆی نیـیە خاکی ئیسپانیا جێبهێڵێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە 27 ی مانگی دە بە سەرۆکایەتی کارمی فۆرکادیل دانیشتنێکی سازکرد و تیایدا بە دەنگی 70 لە بەرامبەر 10 سەربەخۆیی هەرێمەکەیان پەسەندکرد.

XS
SM
MD
LG