Accessibility links

ئیسپانیا 9 کەس دەسـتگیردەکات بە گومانی پەیوەندی بە هێرشێکی تێرۆرستی

  • VOA News

پـۆلیسی ئیسپانیا دەڵێت لە شاری بەرشلونەی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی 12 شوێنیان پـشکنیوە و 9 کەسیان دەسـتگیرکردووە کە ژمارەیەکیان گومانیان لێدەکرێت دەسـتیان لە هێرشەکەی ساڵی ڕابردووی نێو فڕۆکەخانەی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکاوە هەبووبێت، ئەوەی تیایدا 32 کەس کوژران و 300 کەسیش برینداربوون.

هەڵمەتەکە بە هاوکاری لەگەڵ پـۆلیسی بەلجیکا و مەغریب ئەنجام درا.

دادگای باڵای ئیسپانیا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند بە لایەنی کەم 3 کەس لەو دەسـتگیرکراوانە گومان دەکرێت پەیوەندیـیان بە تەقینەوە خۆکوژیـیەکانی مانگی سێی ساڵی ڕابردووەوە برۆکسلەوە هەبووبێت.

پـۆلیس گوتیشی دەسـتگیرکراوەکان بریتین لە ئیسپانیـیەک و 8 مەغریبی، تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵە. ژمارەیەکیان پـێشتر تاوانی ڕێکخراویان ئەنجامدابوو، وەکو بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان.

هەروەها دادگاکە گوتی زۆربەیان زیاتر لە 20 ساڵە لە هەرێمی کەتەلۆنیای باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەژین، بەڵام زۆر جار سەردانی مەغریبیان کردووە.

پـۆلیس و دادگاش دەڵێن ماڵی گومانبارەکان پشکنینیان بۆ کراون و تیایاندا دەستگیراوە بەسەر دۆکۆمێنت و کۆمپیوتەر و فلاش میمۆری و لە ئێستادا لەیەنە پەیوەندیدارەکان بە وردی سەیری زانیاریـیەکانی ناویان دەکەن. هەروەها 3 دەمانچە و ماددەی هۆشبەر لەوانە ماریوانایان لە ماڵەکاندا دۆزیوەتەوە.

پـۆلیس دەڵێت ئەم هەڵمەتە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی هەشت مانگی بووە لەسەر گروپێـکی چەکداری ئیسلامی کە لە ناوچەی برشلۆنە پەیوەندیـیان بە تاوانی ڕێکخراوەوە هەبووە. لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.

XS
SM
MD
LG