Accessibility links

لایەنە ناکۆکەکانی سودانی باشور بە ئاگربەستێک دەگەن


هەردوو لایەنی شەڕی ناوخۆی سودانی باشور لەسەر ئاگربەستێکی بەردەوام ڕێکەوتن و بڕیاریان داوە لە ماوەی 72 کاژمێر بیخەنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

سەلڤا کیر سەرۆکی سودانی باشور و ڕکابەرەکەی ڕیک مشار، ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر جێگری بوو لە سەرۆکایەتی وڵات، ئەمڕۆ چوارشەممە لە خەرتومی پایتەختی سودان ڕێکەوتننامەکەیان واژوکرد بە ئامانجی کۆتایی هێنان بەو شەڕە ناوخۆیـیەی لە ساڵی 2013 وە دەسـتیپـێکرد و بووەتە مایەی کوژرانی دەیان هەزار کەس.

ئەلدەردیری محەمەد ئەحمەد وەزیری دەرەوەی سودان لەم بارەیەوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت لایەنەکانی سودان بەردەوام دەبن لە وتووێژەکانیان لە خەرتوم بە مەبەستی تاووتوێکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە. گوتیشی بەپـێی ڕێکەوتنەکە ڕێگە بۆ گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان دەکرێنەوە و دیلەکان ئازاددەکرێن و پاشان لە دوای 4 مانگ حکومەتێکی یەکگرتوو بۆ قۆناغی گواستنەوە پـێکدەهێنرێت تاوەکو بۆ ماوەی سێ ساڵ حوکمڕانی بکات و پاشان هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام بدرێت.

عومەر حەسەن ئەلبەشیر سەرۆکی سودان کە ئامادەی مەراسیمی واژوکردنی ڕێکەوتنەکە بوو، گوتی ئەم ڕێکەوتنە وەک دیاریـیەک پـێشکەشی خەڵکی سودانی باشوری دەکەن.

سەلڤا کیر لای خۆیەوە گوتی ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە خەڵکی سودانی باشور چاوەڕێـیان دەکرد. ڕیک مشار ئەویش گوتی دەبێت ئاگربەستەکە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.

جێی ئاماژەیە پـێشتریش چەند جارێک لایەنە ناکۆکەکانی سودانی باشور لەسەر ئاگربەست ڕێکەوتوون، بەڵام دواتر هەرەسی هێناوە و شەڕ دەسـتیپـێکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG