وەزیری تەندروستی سودانی باشور دەڵێت بە لایەنی کەم 15 منداڵ گیانیان لەدەسـتداوە بەهۆی کۆتانیان لە دژی نەخۆشی بە دەرزی بەبێ ئەوەی خاوێن بکرێنەوە.
ڕیاک گای کۆک ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی لە 2 بۆ 5 ی مانگی پـێنج نزیکەی 300 منداڵ لە گوندی ناچۆڵدۆکۆپـێلە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵات لە دژی نەخۆشی سورێژە کوتراون، بەڵام ئەو تیمەی بە کوتانەکە هەستابوو هیچ شارەزایـیەکی نەبووە و ڕاهێنانیشیان پێ ناکرابوو و هەڵەیان کردووە و لە ئاکامدا 15 منداڵ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام 32 منداڵی دیکە کە دووچاری نەخۆشی بوون چارەسەرییان بۆ کرا و ژیانیان ڕزگارکرا.
بەپـێی کۆمیتەیەک کە لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕووداوەکە کردووە، منداڵەکان گیانیان لەدەستداوە بەهۆی پـیسبوونی خوێنیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی جەند جارەی دەرزیـیەکان بەبێ ئەوەی خاوێن بکرێنەوە.
لەوەتای سودانی باشور لە مانگی دوازدەی ساڵی 2013 وە دووچاری شەڕی ناوخۆ بووە، خزمەتگوزاریـیەکان لەو وڵاتە زۆر لە جارانی خراپتر بووە، بە تایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا.