Accessibility links

سەرۆکی پـێشووتری کۆریای باشور لەسەر گەندەڵی سزای 15 زیندانی درا


دادگایەکی کۆریای باشور بڕیاری دا سەرۆکی پـێشووتری وڵاتەکەیان، ئەوەی لە ساڵی 2008 بۆ 2013 لەسەر دەسەڵات بوو، 15 ساڵ زیندانی بکرێت لەسەر تاوانی گەندەڵی.

دادگای ناوچەی ناوەندی سیۆل ئەمڕۆ هەینی ئەم سزایەی بۆ لی میۆنگ باکی تەمەن 76 ساڵ دەرکرد و هەروەها گوتی دەبێت 13 ملیار ون (نزیکەی 11.5 ملیۆن دۆلار) وەک سزای داراییش بە دەوڵەت بدات.

دادگاییکردنەکە ڕاستەوخۆ لە تەلەفیزیۆن پەخش کرا و تیایدا دادوەرەکە گوتی"بە لەبەرچاوگرتنی هەموو شتێک، هەر دەبێت سزایەکی قورس بدرێت."

دادگاکە دەڵێت تۆمەتەکان بەسەر لی میۆنگ باک ساغبوونەتەوە، لەوانە 24 ملیار ونی بە ناشەرعی دەستکەوتووە لە ڕێگەی کۆمپانیاکەی بە ناوی داس، ئەوەی پارچەی ئۆتۆمبیل دروستدەکات. لەگەڵ ئەوەش نزیکەی 6 ملیار ونی بەرتیل وەرگرتووە لە کۆمەڵە کۆمپانیای سامسۆنگ لە بەرامبەر دەرکردنی لێبوردنێکی سەرۆکایەتی بۆ (لی کون‌هی) سەرۆکی سامسۆنگ، ئەمەش پاش ئەوەی سزای زیندانی درابوو لەسەر خۆدزینەوە لە پـێدانی باج بە دەوڵەت.

XS
SM
MD
LG