سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یول لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزدا لە سیئۆل وتی وڵاتەکەی و ئەڵمانیا بەمزووانە ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا واژۆ دەکەن کە ئامانج لێی پاراستنی نهێنییە سەربازییەکانە بە مەبەستی پتەوکردنی هاریکارییە بەرگرییەکانی نێوانیان.
یوون بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕێککەوتنی زانیاری سەربازیی یارمەتیدەر دەبێت لە " کارکردنی چالاکانەی دابینکردنی پێویستییەکانی پیشەسازی بەرگری " لە نێوەندی ناجێگیریی ئابووری و سیاسیی جیهاندا.
کۆریای باشوور کە لەمدواییانەدا ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ کەنەدادا واژۆ کرد، هەوڵیداوە پیشەسازییە بەرگرییەکەی فراوانتر بکات، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی خواستەکاندا بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و گرژییە جیهانییەکانی دیکەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەتی کردۆتەوە چەک بدات بە ئۆکرانیا.
یوون وتی ڕێزگرتن لە ئازادی بەهایەکی جیهانییە و " زۆر گرنگە " بە ڕووی دەسەڵاتخوازیدا کە ئاستەنگی دژی دیموکراسی دروست کردووە.
یوون لە دەستپێکی لێدوانەکانیدا لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شۆڵز وتی " لە ئێستاوە پێشبینی دەکەم کۆریای باشوور و ئەڵمانیا هاریکارییەکانی داهاتوویان فراوانتر بکەن و هاودەنگی خۆیان بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی ئەوروپا و ئاسیا پتەوتر بکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کۆریای باشوور و ئەڵمانیا هاریکاریی بەرگری نێوانیان پتەوتر دەکەن