Accessibility links

ئافریکای باشوور: پوتن و زێلێنسکی ڕێککەوتوون لەسەر کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئاشتی ڕابەرانی ئەفریقادا


سەرۆکی ئافریکای باشوور گیریل ڕامافۆسا و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ئافریکای باشوور گیریل ڕامافۆسا و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ئافریکای باشوور دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ شاندێکی ڕابەرانی شەش وڵاتی ئەفریقیدا، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەگەری پلانێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئافریکای باشوورگیریل ڕامافۆسا وتی لە ڕێی پەیوەندی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ پوتن و زێلێنسکیدا کردووە و هەردووکییان ڕازیبوون لە مۆسکۆ و کیێڤ میوانداری " شاندێکی ئاشتی ڕابەرانی وڵاتانی ئافریکا " بکەن.

ڕامافۆسا وتی " گفتوگۆ سەرەکییەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە دەبێت بۆ ململانێ وێرانکەرەکەی ناو ئۆکرانیا."

ڕامافۆسا لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕابەرانی وڵاتانی زامبیا و سەنیگال و کۆماری کۆنگۆ و یوگەندا و میسڕ لە نێو شاندەکەدا دەبن، هاوکات ڕامافۆساش لەگەڵیاندا دەبێت. وتیشی پوتن و زێلێنسکی پێیان ڕاگەیاندووە " دەست بە ئامادەکارییەکان بکات."

چوار لەو شەش وڵاتە، ئافریکای باشوور، کۆماری کۆنگۆ، سەنیگال و یوگەندا، خۆیان بە دوورگرت لە دەنگدانەکەی ساڵی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. زامبیا و میسڕ دەنگیان لە بەرژەوەندی سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەدا.

ڕامافۆسا ئاماژەی بە کاتێکی دیاریکراو نەدا بۆ ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتی. زێلێنسکی وتوویەتی تاوەکو هێزەکانی ڕووسیا بە تەواوەتی لەسەر خاکی ئۆکرانیا نەکشێنەوە، گوێ بە هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتی نادات.

ڕامافۆسا وتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشیش لە کۆبوونەوە پلان بۆ داندراوەکانی شاندە ئەفریقییەکە ئاگادار کراوەتەوە و " پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکە " کردووە.

ڕاگەیاندنەکەی ڕامافۆسا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئافریکای باشوورئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی لایەنگریکردن لە ڕووسیا لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا و تەنانەت دابینکردنی چەکیش بۆ یارمەتیدانی مۆسکۆ.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئافریکای باشوورڕیوبین بریجتی هەفتەی ڕابردوو وتی گوایە لە مانگی دوانزەدا لە بنکەیەکی دەریایی ئافریکای باشوورچەک و تەقەمەنی لەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ڕووسی بارکراون و گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا. حکومەتی ئافریکای باشوورڕەتی کردەوە هیچ چەکێکی ڕەوانەی ڕووسیا کردبێت.

ڕامافۆسا وتی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکرێت.

ئافریکای باشووردەڵێت بێلایەنە لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا. وڵاتەکە پەیوەندییەکی مێژوویی بەهێزی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، ئەوەش بەهۆی پشتیوانییەکانی یەکێتی سۆڤییەتەوە بۆ پارتی کۆنگرێسی نیشتیمانی فەرمانڕەوای ئافریکای باشوورکاتێک کە لەو کاتەدا جووڵانەوەیەکی ئازادیی بووە بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژێمە ڕەگەزپەرستە دژ بە ڕەشپێستەکان.

لە مانگی دوودا ئافریکای باشوورمیوانداری مەشقە هاوبەشە دەریاییەکانی نێوان ڕووسیا و چینی کرد لە کەناراوەکانیدا، مەشقەکان هاوکات بوون لەگەڵ ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. ڕۆژی دووشەممەش جەنەڕاڵی باڵای ئافریکای باشوورسەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ فەرماندەی هێزە پیادەکانی ڕووسیادا کۆبۆوە.

لە هەمان کاتیشدا ئافریکای باشوورپەیوەندییە بەهێزەکانیشی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوادا کە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن، پاراستووە. ساڵی ڕابردوو ڕامافۆسا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبۆوە.

زامبیاش بە هەمان شێوە پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە. یوگەنداش هاوپەیمانێکی ئەمەریکایە لەسەر ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئافریکا، بەڵام سەرۆکی یوگەندا یاوری موسیڤینی باسی لە دۆستایەتی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕووسیا و هەڵوێستە بێلایەنەکەی لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا کردووە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG