Accessibility links

ئەفغانستان: هەندێک لە خوێندنگاکانی " ئامادەیی" کچان لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان کراونەتەوە


بەرپرسانی ئەفغانستان لە هەرێمی پاکیتای ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە وتیان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا خوێندنگاکانی " ئامادەیی کچان " کراونەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوە پەسەند نەکراوە.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 وە کاتێک تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، زۆربەی خوێندنگا ئامادەییەکانی کچان لە ئەفغانستان بە داخراوەیی ماونەتەوە، لە مانگی سێی ئەم ساڵدا تاڵیبان بەڵێنیدا خوێندگاکانی کچان بکاتەوە، بەڵام لەو بەڵێنەی پاشگەز بۆوە.

بەرپرسی بەشی کلتور و زانیاریی پاکیتا مەولەوی خالیقیار ئەحمەدزایی گوتی " چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خوێندنگاکان بە ڕەچاو کردنی یاساکانی ئیسلام و کلتور و داب و نەریتەکان کرانەوە، بەڕێوبەری خوێندنگاکان داوایان لە خوێندکاران کردووە بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگاکان و خوێندگاکانی ئامادەیی کچانیش کراونەتەوە."

وتەبێژێکی بەشی خوێندنی پاکیتا کرانەوەی خوێندگاکانی ئامادەیی کچانی پشتڕاست کردەوە و وتی بەشەکەی پێشتر ئاگادار نەکراوەتەوە و نامەیەکیان ناردووە بۆ وەزارەتی خوێندنی نیشتیمانی تاوەکو وەڵام بدرێنەوە.

لە مانگی سێدا تاڵیبان پاشگەزبۆوە لە بەڵێنەکەی بۆ دووبارە کردنەوەی خوێندنگاکانی ئامادەیی کچان و وتی بە داخراویی دەمێننەوە تاوەکو پلانێک بۆ کردنەوەیان بەپێی یاسای ئیسلام دادەڕێژرێت.

ئەو هەنگاوەی تاڵیبان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە کرا و هەوڵە دیبلۆماتییەکانیشی ئاڵۆز کرد. هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وتوویانە دان نانێن بە بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیباندا تاوەکو ئاڕاستەیان بەرامبەر مافی ئافرەتان نەگۆڕن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG