Accessibility links

چوار وڵاتی یەکێتی ئەوروپا داوا دەکەن سەرمایەکانی ڕووسیا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا بەکاربهێندرێن


ماریوپۆڵ، ئۆکرانیا

بەپێی نامەیەکی هاوبەشی چوار وڵاتەکە، ڕۆژی سێشەممە لیتوانیا و سلۆڤاکیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا داوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەرمایانەی ڕووسیا دەکەن کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سڕکراون و داوا دەکەن دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا سەرمایەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا بەکاربهێندرێن.

لە نامەکەدا چوار وڵاتەکە دەڵێن لە 3 ی مانگی پێنجدا، ئۆکرانیا بە خەمڵاندنی خۆی وتی دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکە لەو کاولکارییەکەی ڕووسیا ئەنجامیداوە پێویستی بە 600 ملیار دۆلار هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە هێشتا شەڕەکە بەردەوامە، ڕەنگە ئەو بڕە پارەیە زیاتر ببێت.

لە نامەکەدا کە ئاڕاستەی وەزیرانی دارایی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکرێت دەڵێن " بەشێکی بەرچاوی تێچووی دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان لە دوژمنکارییەکەی ڕووسیا، دەبێت لەلایەن ڕووسیاوە دابین بکرێت."

نامەکە کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، داواش دەکات یەکێتی ئەوروپا دەست بکات بە ئامادەکارییەکان بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا.

دەڵێت " لە کۆتاییدا ئەگەر ڕووسیا دوژمنکارییەکەی دژی ئۆکرانیا ڕانەگرێت، ئەوا دەبێت هیچ پەیوەندییەکی ئابووری لەنێوان ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپادا نەمێنێت، دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی هیچ کام لە سەرچاوە دارایی و بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانمان یارمەتیدەر نەبن لە ئامێری جەنگەکەی ڕووسیادا."

چوار وڵاتەکە ئاماژەیان بەوەدا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەو وڵاتانەشی کە بۆچوون و بیرکردنەوەیان وەکو یەکێتیەکە وایە تاوەکو ئێستا سەرمایەی کەس و لایەنە ڕووسییەکان و نزیکەی 300 ملیار دۆلاری یەدەگەکانی بانکی ناوەندی ڕووسیایان سڕکردووە.

وتیان " ئێستا دەبێت ڕێگەی یاسایی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو وەکو سەرچاوەیەکی دارایی سوود لەم سەرمایانە وەربگرین، بەکارهێنانیان بۆ خەرجی هەوڵە بەردەوامەکانی ئۆکرانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنکارییەکانی ڕووسیا و دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەشدا."

وتیان " دەستبەسەراگرتنی سەرمایەکانی دەوڵەت، وەکو یەدەگەکانی بانکی ناوەند یاخود موڵکی کارگەکانی سەر بە دەوڵەت، لەم ڕووەوە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان دەبێت."

تاوەکو ئێستا یەکێتی ئەوروپا نزیکەی 30 ملیار یۆرۆی سەرمایەکانی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەند و لایەنەکانی ڕووسیا و بێلاڕووسی سڕکردووە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی دەکرێت پشکنینێک بکات لەسەر ئەوەی کە ئایا دەکرێت لەژێر یاساکانی وڵاتانی ئەندام و یەکێتی ئەوروپادا دەستبەسەر سەرمایە سڕکراوەکانی ڕووسیادا بگرێت بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا یاخود نا، بەڵام ئاماژەی بە یەدەگەکانی بانکی ناوەندی ڕووسیا نەدا.

وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا کریستیان ویگاند وتی " سڕکردنی سەرمایەکان جیاوازە لە دەستبەسەراگرتنیان. لە زۆربەی وڵاتانی ئەندامدا ئەمە ناکرێت و دەستبەسەراگرتنی سەرمایەکان پێویستی بەوەیە ئەو کەس و لایەنەنای سەرمایەکانیان سڕکراون تاوانبار بکرێن، ئینجا دەتوانرێت دەست بەسەر سەرمایەکانیاندا بگیرێت. هەروەها لەڕووی یاساییەوە سەرمایەی لایەنە تایبەتەکان و بانکی ناوەند هەمان شت نین و جیاوازن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG