Accessibility links

ڕۆژنامەوانێکی سۆماڵی لە مەگادیشۆی پایتەخت بە بۆمبێـکی چێنراو لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی کوژرا، ئەمەش پـێنجەمین ڕۆژنامەوانە لە ماوەی ئەمساڵدا لەو وڵاتە بکوژرێت.

دوێنێ دووشەممە محەمەد ئیبراهیم غابو ڕۆژنامەوان و کارمەندی کەناڵی (کلسن) لە نزیک بازاڕێکی ناوچەی وەجدەری مەگادیشۆ بۆمبێک کە لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی دانرابوو تەقیـیەوە و لە ئاکامدا بە قورسی برینداربوو و بە پەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەسـت دا.

کاربەدەستێکی پـۆلیس گوتی بۆمبەکە لە پشـت کوشنی شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە دانرابوو.

محەمەد عەبدولڕەحمان کە لە بنەماڵەی ڕۆژنامەوانەکەیە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە " محەمەد ڕۆژنامەوانێـکی پـرۆفیشناڵ بوو و هەمیشە بەرژەوەندی گشتی لا مەبەست بووە، وە نازانین بۆچی بەم شێوەیە لە بەردەم منداڵەکانی کوژراوە."

سەرۆکی یەکێتی ڕۆژنامەوانانی سۆماڵ گوتی" کوشتنێکە هیچ مانایەکی نیـیە."

جێی ئاماژەیە سۆماڵ یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان بۆ ڕۆژنامەوانان. بەپـێی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان 45 ڕۆژنامەوان لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2015لە سۆماڵ کوژراون.

XS
SM
MD
LG