Accessibility links

دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە بنکەیەکی لەشکری سوماڵ دەتەقێنەوە


دانیشتوانی ناوچەی شبیلی باشوری سۆماڵ دەڵێن 2 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە بنکەیەکی لەشکری نزیک ناوچەکەیان تەقیونەتەوە، بەڵام نازانن زیانەکان چی بوون.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت هێرشەکە ئەمڕۆ چوارشەممە کراوەتە سەر بنکەکە لە شارۆچکەی ئۆدیغلی سەر ڕووباری شبیلی کە 70 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوای مەقادیشۆی پایتەختەوە دورە.

ئەدن عەبدوڵڵا کەسایەتی ناوچەکە بە ڕۆیتەرزی گوت" ئەمڕۆ گوێمان لە 2 تەقینەوەی گەورە و دەنگی تەقە بووە لەو بنکە لەشکریـیە. بینیم ژمارەیەک سەرباز لە بنکەکە هەڵهاتوون، بەڵام نازانین ژمارەی کوژراوان چەندن."

بزوتنەوەی شەبابی سەر بە قاعیدە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

عەبدولعەزیز ئەبو موسعەب گوتەبێژی هێزی چەکداری شەباب گوتی 2 خۆکوژیان بە ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکانەوە خۆیان کردووە بە ناو بنکەکە و بە دوای یەکدا تەقینەوەکانیان ئەنجام داوە و 50 سەرباز کوژراون و چەند ئۆتۆمبیلێک سووتاون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاربەدەستانی سۆماڵ هیچیان لە بارەی هێرشەکەوە ڕانەگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG