Accessibility links

هێزەکانی سۆماڵ گەمارۆ 30 کاتژمێرییەکەی سەر هۆتێلەکەیان کۆتایی پێهێنا و 106 کەس ڕزگارکران


پۆلیس و سوپای سۆماڵ دەڵێن هێزەکانی سۆماڵ کۆتاییان بە گەمارۆکەی سەر هۆتێلەکەی مەقادیشۆی پایتەختی وڵاتەکەیان هێناوە و 106 کەسیان ئازادکردووە کە منداڵ و ئافرەتیشیان تێدا بووە.

بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی سۆماڵ و گروپێکی چەکداری سەر بە قاعیدەوە کە 30 کاتژمێری خایاند لانیکەم 12 کەس کوژران کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، ئەمەش دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی هەینی چەکدارەکان لەڕێی تەقینەوە و تەقەکردنەوە هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلی حەیات لە مەقادیشۆ.

فەرماندەیەکی باڵای پۆلیس بە ڕۆیتەرزی وت لە میانەی گەمارۆکەدا دەیان کەس ئازادکران، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسێکی دیکە بە ڕۆیتەرزی وت ئەرکەکانی پاککردنەوەی بیناکە هێشتا بەردەوامن، بیناکەش زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

ئەفسەرێکی سەربازیی، محەمەد عەلی وتی " هێشتا لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی زۆرێک لەو کیسە پلاستیکیانە دەکەین کە بە ناو هۆتێلەکەدا بڵاوبوونەتەوە."

دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی فەڕەنسی لە ماوەی ڕابردوودا لە زاری فەرماندەیەکی ئاسایشەوە بڵاویکردەوە چەکدارەکان کوژراون.

عەلی حاجی وەزیری تەندروستی گوتی "پێدەچێت تەرم هەبووبێت کە نەبرابێتە نەخۆشخانەکان و لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە بەخاک سپێردرابێتن" و گوتی "ژمارەی گیانلەدەستدان و قوربانییەکان بە پشتبەستن بەو ئامارانەیە کە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان."

گروپی ئەلشەباب کە پەیوەندی بە ئەلقاعیدەوە هەیە و زیاتر لە دە ساڵە شەڕی ڕووخاندنی حکومەتی سۆماڵ دەکات، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

ئەو گرووپە خوازیاری دامەزراندنی حوکمڕانییەکە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی توندی شەریعەتی ئیسلامی.

جێی ئاماژەیە هۆتێلی حەیات هۆتێلێکی بەناوبانگە لەنێو یاسادانەران و بەرپرسانی حکومەتدا.



سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG