حکومه‌تی سۆماڵیا بڕیاری لێبوردنێ گشتی بۆ یاخیبووه‌کان له مه‌قادیشۆی پایته‌خت ده‌رکردووه له پاش کشانه‌وه‌ی گرووپی ئیسلامی ئه‌لشه‌باب.
حکومه‌ت ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ڕاگه‌یاند، سێ ڕۆژ پاش ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی شه‌ڕکه‌رانی ئه‌لشه‌باب شاره‌که‌یان جێهێشت. له بڵاوکراوه‌یه‌کدا هاتووه لێبووردنه‌که بۆ ئه‌و چه‌کداره یاخیبووانه‌یه که له مه‌قادیشۆ ماونه‌ته‌وه و خۆیان به‌ده‌سته‌وه داوه و هه‌روه‌ها ئیدانه‌ی توندووتیژیان کردووه.
حکومه‌ت هه‌روه‌ها ده‌ڵێت هه‌نگاوده‌نێت بۆ سه‌قامگیرکردنی باری ئاسایش له پایته‌خت و وه‌ك ده‌ڵێت چاوپۆشی ناکات له هه‌وڵی هێزه‌کانی دیکه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر له ژێر کۆنتڕۆڵی ئه‌لشه‌بابدا بوون داگیربکه‌ن.
ئاشتی پارێزانی یه‌کێتی ئه‌فریکا که یارمه‌تی حکومه‌تیان داوه له وه‌ده‌رنانی یاخیبووان، داوای 3 هه‌زار سه‌ربازی زیاتریان کردووه بۆ ئه‌وه‌ی باری ئاسایش له پایته‌خت ڕابگرن. ئێستا نزیکه‌ی 9 هه‌زار سه‌رباز له‌وێـیه که له‌لایه‌ن هه‌ردوو وڵاتی ئوگه‌ندا و بوروندی ڕه‌وانه‌کراون.
پێشترکۆمه‌ڵه‌ی ئه‌لشه‌باب ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی مه‌قادیشۆی گرتبوو، به‌ڵام له‌و مانگانه‌ی دواییدا ناوچه‌کان که‌وتونه‌ته‌وه ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی حکومه‌ت و یه‌کیه‌تی ئه‌فریکا.