Accessibility links

هێرشێـکی چەکداری بۆ سەر هوتێـلێـکی مەقدیشۆی پایتەختی سوماڵ کوژرانی 15 کەسی لێدەکەوێتەوە

کاربەدەسـتانی سۆماڵ دەڵێن ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر هوتێلێـک لە مەقدیشۆی پایتەخت و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 15 کەس کوژراون.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشبەرەکان سەرەتا ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراویان بە دەروازەی هوتێلەکە تەقاندەوە و بە دوایدا چەکدارەکان پەلاماری ناو هوتێلەکەیان دا کە کەسانی سیاسی لێی دادەبزن. پاشان لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش و ڕۆژنامەوانان بۆ ناوچەکە تەقینەوەیەکی دیکە ڕوویدا و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانان برینداربوون، لەوانە وێنەگرانی ئاژانسی فڕانس پـرێس و کەناڵی ئەلعەرەبیـیە.

عەبدول ڕەزاق عومەر وەزیری ئاسایشی سوماڵ بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند بەپـێی ئامارە سەرەتایـیەکان 15 کەس کوژراون کە بریتین لە 4 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و 11 کەسی سڤیل و هەروەها 51 کەسیش برینداربوون.

عەبدول قادر حسێن عەقیدی پـۆلیس لە مەقدیشۆ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت هێزەکانی ئاسایش توانیان کۆتایی بە هێرشەکە بهێنن و لە ئێستادا هوتێلەکە لە ژێر کۆنترۆڵی پـۆلیسدایە.

بزوتنەوەی شەبابی سوماڵی کە لە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندایە، لە ڕێگەی ئیزگەکەیەوە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

This item is part of
XS
SM
MD
LG