ڕۆژی شەممە فڕۆکەخانەی میونخی ئەڵمانیا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی بەفربارینێکی زۆرەوە لە سەرانسەری باشووری ئەڵمانیا و چەند بەشێکی ئوستریا و سویسرا و کۆماری چیک.
فڕۆکەخانەی میونخ لە سەرەتادا ڕایگەیاند سەرجەم گەشتەکانی تاوەکو دوانیوەڕۆ دوادەخات، بەڵام دواتر لە ڕاگەیاندنێکی دیکەدا وتی سەرجەم گەشتەکان تاوەکو 6 ی بەیانی دادەخرێن، فڕۆکەخانەکانی دیکەی ناوچەکە، لەوانەش فڕۆکەخانەکەی زیوریخی پایتەختی سویسرا، ڕایگەیاند بەهۆی کەش و هەواوە گەشتەکانی ڕادەگرێت.
هێڵی ئاسنینی نیشتیمانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند چوون و هاتنی شەمەندەفەرەکان لە وێستگەی ناوەڕاستی میونخ ڕاگیراون، هەروەها داوای لە سەرنشینان کرد گەشتەکانیان دوابخەن یاخود ڕێگاکانییان بگۆڕن. دەزگای هەواڵی دی پی ئەی وتی هەندێک لە سەرنشینەکان لە میونخ و شاری ئوڵم بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنەکەوە شەوی هەینییان لە شەمەندەفەرەکاندا بەسەر بردووە.
بەرپرسانی هاتوچۆی ناوخۆ وتییان تاوەکو دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە هیچ پاس و ترامێک لە میونخ کارییان نەکردووە.
کۆمپانیای بایرنوێرک بە دی پی ئەی وت لە ویلایەتی باڤاریا ئەو درەختانەی کە بەهۆی بەفرەکەوە کەوتوون بوونەتە هۆی ئەوەی " هەزاران کەس " بەبێ کارەبا بمێننەوە.
بەرپرسانی بۆندسلیگای ئەڵمانیاش ڕایانگەیاند یارییەکەی نێوان بایرن میونخ و یونیەن بەرلینیش کە بڕیار بوو دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بەڕێوەبچێت هەڵوەشێندراوەتەوە.
پۆلیسی لۆوەر باڤاریا کە ناوچەیەکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای میونخەوە، وتی لە نێوان شەوی هەینی بەیانی ڕۆژی شەممەدا وەڵامی 350 ڕووداوییان داوەتەوە کە پەیوەندییان بە بەفر و سەهۆڵەوە هەبووە، هەندێک لەو ڕووداوانە بریندارییان لێکەوتووەتەوە.
هاوکات لە ئوستریا و سویسراش بەفربارینەکە بەرپرسانی ناچار کرد ئاگادارییەکان سەبارەت بە مەترسی زریانی بەفر زیاتر بکەن. پارێزگاکانی تایرۆل و ڤۆرارلبێرگ لە ڕۆژئاوای ئوستریا ئاستی هۆشدارییان لەسەر زریانی بەفر بەرز کردەوە بۆ دووەمین بەرزترین ئاست، ئەوەش دوای ئەوەی ناوچەکە 50 سم بەفری تێدا باریوە.
لە کۆماری چیکیش شەقامە سەرەکییەکان و هەندێک لە شەقامەکانی دیکە بۆ چەندین کاتژمێر داخران، شەمەندەفەرەکان و ئامێرەکانی دیکەی گواستنەوە ڕووبەڕووی دواخستن و هەڵوەشاندنەوە بوونەوە، زیاتر لە 15,000 ماڵیش کارەبایان نەماوە.
سەرچاوە/ AP