Accessibility links

توێژینەوەیەک دەریدەخات کە چۆن مارەکان لە پرۆسەی پەرەسەندندا سەرکەوتوو بوون


مارەکان دوای دەرکەوتنییان لە سەردەمی دایناسۆڕەکاندا، چیرۆکێکی پەرەسەندنی سەرکەوتوویان هەبووە، مارەکان لە هەموو شوێنێکی گۆی زەویدا دەژین، لە دەریاکانەوە بۆ لوتکەی درەختەکان. لە توێژینەوەیەکی نوێدا باس لە وردەکارییەکان کراوە لەسەر چۆنێتی پەرەسەندنی ئەم گیانلەبەرە خشۆکە لە مارمێلکەی چوار قاچەوە بۆ ماری بێ قاچ.

زانایان بە یارمەتی داتاکانی جینۆمی کە نزیکەی 1000 جۆر دەگرێتەوە، دارێکی گشتگیری خێزانی مار و مارمێلکەکانییان دروست کرد، هاوکات پێداچوونەوەیان بە تۆماری بەردبووەکاندا کرد و داتاکانییان لەسەر خۆراکی مار و توێکاری کەلە سەر و زیندەزانی زاوزێ و مەودای جوگرافی مارییان کۆکردەوە.

زاناکان بۆیان دەرکەوت کە مارەکان لە سەرەتای مێژوویاندا زۆر بە خێرایی پەرەیان سەندووە، بە ئاستێک کە لەوانەیە پێنج هێندە خێراتر بێت لە پەرەسەندنی مارمێلکە.

زانای زیندەزانی لە بواری پەرەسەندندا لە زانکۆی میشیگان، دانیێڵ ڕابۆوسکی کە نوسەری باڵای توێژینەوەکەیە و ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕۆژنامەی ساینسدا بڵاوکرایەوە، دەڵێت " وەکو ئەوە وایە مارمێلکەکان لەسەر عەرەبانەیەک بن لە پەرەسەندنییاندا و مارەکانیش لامبۆرگینی ڤی 12 بن. مارمێلکەکان بە پاسی ناو شار دەڕۆن. مارەکان لەسەر شەمەندەفەرە زۆر خێراکانن."

مارەکان نزیکەی 120 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دروست بوون. مارە سەرەتاییەکان قاچی پاشماوەیان هەبووە، بەپێی ئاڕ ئالیکساندەر پایرۆنی زانای بواری پەرەسەندن لە زانکۆی جۆرج واشنتن، کۆنترین ماری بێ قاچ لە نزیکەی 85 ملیۆن ساڵ پێش ئێستاوە ژیاون.

بەپێی توێژینەوەکە، مارە سەرەتاییەکان بە شێوەیەکی گرنگ توێکاری لەشییان گۆڕیوە تاوەکو ببنە ئاژەڵێکی دڕندە. کەلە سەرییان بە شێوەیەکی لێهات کە بتوانێت بە هەموو لایەکدا بجوڵێت و باشتر نێچیرەکانی بگرێت و قووتیان بدات. سیستمێکی باشی دەستنیشانکردنی نێچیرەکانیانیان دروست کردووە، لە ڕێی هەستی بۆن یاخود وەرگرتنی کیمیاییەوە، ئاڵۆزتر بوون. هەندێکییان بە شێوەیەک پەرەیان سەندووە کە دەتوانن هەستەوەری گەرمی ببینن، هەندێکییان بوون بە ماری ژەهراویی.

توێژەرەوان زانیارییەکی زۆرییان لەسەر خۆراکی مار و مارمێلکەکان کۆکردووەتەوە، بە ناوەڕۆکی گەدەشییانەوە کە لە جۆرە کۆنەکانییانەوە لە مۆزەخانەکانەوە وەرییان گرتووە.

ڕابۆوسکی دەڵێت " مارمێلکەکان بە گشتی مێروو و جاڵجاڵۆکە و هەندێک کات ڕووەکەکان دەخۆن. مارەکان شارەزای خۆراکن و بە گشتی ئەو ئاژەڵانە دەخۆن کە کڕکڕاگەیان هەیە یاخود ئەو ئاژەڵانەش کە کڕکڕاگەیان نیە. کاتێک مارەکان ئەو ئاژەڵانە دەخۆن کە کڕگڕاگەیان نیە، زۆرجار شتانی مەترسیداری وەکو دووپشکی ژەهراوی و لولپێجی زیانبەخش و کرمە لیقە دەخۆن."

چەند جۆرێکی زۆریی مارمێلکەکان بە تێپەڕبوونی کات کاتێک پەرەیان سەندووە قاچیان نەماوە، بەڵام هەرگیز وەکو مارەکان پەرەیان نەسەندووە.

ڕابۆوسیکی وتی "مارەکان جیاوازن لەو مارمێلکانەی کە قاچیان نیە. زۆرێک لەو جۆرە مارمێلکانە لە لم و خۆڵدان، یاخود بە ناو گیادان دەخشێن. مارەکان هەموو شتێک دەکەن، لە مەلەکردنەوە لە دەریاکانەوە بۆ سەرکەوتن بە خێرایی بەسەر دارەکاندا، هەموو شتێکی دیکەش لەو نێوەندەدا."

پایرۆن وتی زیادبوونی خێرایی پەرەسەندنی مارەکان 90 بۆ 110 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، ئەوەش چەند جارێک دوای ئەوەی 66 ساڵ لەمەوبەر هەسارۆکەیەک لە زەویدا و بووە هۆی لە ناوچوونی دایناسۆڕەکان.

بچووکترین مار ماری ثرێدە کە 10 سم درێژە. درێژترینیشییان ماری پایتۆنە کە نزیکەی 6 مەتر درێژە. گەورەترین مار کە زاندرابێت ماری تایتانۆبۆوا بووە و نزیکەی 13 مەتر درێژ بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG