Accessibility links

بەخاکسپاردنی تەرمی قادری حاجی عەلی لە سلێمانی


دوای گیانلەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تەرمی کەسایەتی و سیاسیی سەربەخۆی کوردستان، قادری حاجی عەلی لە شاری سلێمانی بەخاکسپێردرا و پارێزگاری سلێمانیش 3 ڕۆژ پرسەی ماتەمینی لە پارێزگاکەدا ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی قادری حاجی عەلی، کەسایەتی و سیاسی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بەخاکسپێردرا کە تێیدا نووسەر و شاعیر و سیاسەتمەدار و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون و وتاریان پێشکەش کرد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا وتاری بنەماڵەی قادری حاجی عەلی لەلایەن بەیاری مولازم عومەرەوە خوێندرایەوە و وتی:

"کاک قادر وەک سەرکردەیەکی سەربەخۆ و لێهاتوو تەنها موڵکی بنەماڵەکەی نییە، بەڵکو موڵکی تەواوی خەڵکی کوردستان و هاوڕێ و هاوبیرەکانیەتی. کاک قادر لە هەموو قۆناغەکاندا لەبەرەی گەلەکەیدا بووە و بەرگریکارێکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی هاوڵاتیان و هاوکار و پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران بووە."

پارێزگاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا 3 ڕۆژی ماتەمینی لە پارێزگاکەدا ڕاگەیاند بۆ کۆچی دوایی قادری حاجی عەلی.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: "لە خێزانێکی بارزگان و سەرمایەدارەوە ڕێکەی ڕێکخستێکی پشتبەستوو بە کرێکار و زەحمەتکێش و ڕەنجدەران و جوتیارانی هەڵبژارد کە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو."

سیاسەتمەداری کورد و هاوڕێی نزیکی قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، لە وتارێکدا باسی لەوە کرد پێویستە بۆچوون و پرەنسیپەکانی کاک قادر لەبەرچاوبگیرێت بۆ چارەسەری نادادی و نایەکسانیەکان:

"کۆچی ناوەختی کاک قادر خەسارەت و کۆستێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی چاویان لە ژیانێکی باشتر و دادپەروەرانەیە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە کوردستان لە کێشە و گرفتی قووڵی هەمەلایەنەدایە."

قادری حاجی عەلی کەسایەتییەکی سەربەخۆبوو کە لە بنەماڵەیەکی ناوداری شاری سلێمانی لەدایکبوو و لە ڕابردوودا سەرپەرشتی مەکتەبی ڕێکخستنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو و دواتر بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. ساڵی 2006 لەگەڵ نەوشیروان موستەفا کۆمپانیای وشە و دواتریش بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG