Accessibility links

کەناڵی سکای نیوز: داعشێـکی هەڵگەڕاوە زانیاری لەسەر هەزاران ئەندامی داعش ئاشکرادەکات


کەناڵی سکای نیوزی بەریتانیا ڕایگەیاند کەسێـک لە داعش هەڵگەڕاوەتەوە و کۆمەڵێـک بەڵگەنامەی ڕادەستکردوون کە تیایاندا زانیاری هەن سەبارەت بە نزیکەی 22 هەزار ئەندام و لایەنگری داعش لە زیاتر لە 50 وڵاتدا.

ئەم ئەندامەی پـێشووی داعش خۆی بە ناوی ئەبو حامد بە کەناڵەکە ناساندووە و گوتویەتی بەرلەوەی لە داعش هەڵگەڕێتەوە فلاش میمۆریـیەکی لە سەرۆکی ئاسایشی ناوخۆی داعش دزیوە کە پـڕە لە زانیاری زۆر گرنگ.

بەپـێی ئەو وێنانەی سکای نیوز بڵاویکردوونەتەوە، بەشێـک لە فایلەکانی نێو فلاشەکە لە 23 خانە پـێـکهاتوون، ناوی ڕاستەقینەی کەسەکە و بنەماڵەکەی، ناوی نهێنی، ناوی دایک، جۆری خوێن، ڕۆژی لە دایکبوون، ڕەگەزنامە، باری خێزانی، ناونیشان و ژمارە تەلەفون، پـیشە، ئاستی خوێندن و شارەزایی لە چ بوارێکدا.

فایلێـکیش کە ناوی "الشهداء" ي لێنراوە، زانیاری تێدایە لەسەر کۆمەڵێـک ئەندامی داعش کە مەشقیان پێـکراوە و ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی.

هەروەها بەڵگەکان ناسنامەی ژمارەیەک ئەندامی داعش ئاشکرادەکەن کە پـێشتر نەناسرابوون و لە ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا دەژین.

کەناڵەکە دەڵێت کاربەدەسـتانی بەریتانیای لە فلاش میمۆریـیەکە ئاگادارکردووەتەوە کە لە ڕیگەی ستیوارت ڕامزی پەیامنێریان لە تورکیا پـێـیان گەیشتووە.

ڕیچارد باڕێت بەرپـرسی پـێشوو لە دەزگای نەهێشتنی تێرۆر لە MI6 ی هەواڵگری بەریتانیا دەڵێت بەدەسـتهێنانی ئەم زانیاریـیانە وەرچەرخانێـکی گرنگە لە شەڕی دژی داعش. پاشان فلاش میمیۆریـیەکەی بە "گەنجینەیەکی زێڕینی زانیاری" ناودێری کرد و گوتی زۆر کەس سوودی لێوەردەگرن بە تایبەت دەزگا زانیاری و هەواڵگریـیەکان.

لە ئەڵمانیاش، پـۆلیسی ئەو وڵاتە گوتی پـێدەچێت زانیاریـیەکان ڕاستبن بەو پـێـیەی ناوی چەکدارانی تێدایە کە ڕەگەزنامەی ئەڵمانیـیان هەیە و پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبوو.

مارکۆس کۆتس گوتەبێژی پـۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا گوتی زانیاری لەم بارەیەوە هەیە و هەتا ڕادەیەکی زۆر پـێـی وایە ڕاستبن.

XS
SM
MD
LG